نوچەنێت-واشنتۆن پۆست
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێکدا، سەبارەت بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، وێڕای شیکردنەوە و خستەڕووی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە نووسیویەتی “ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت، ئیسرائیل لە ناوچەکە بە تەنیا دەمنێتەوە و تۆوی بێ هیوایی و بێ متمانەیی لە نێوان هاوپەیمانانی واشنتۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێنێت”.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست، لە دوای ئەم بڕیارە هێزە کوردیەکانی سوریا لە ترسی هێرشەکانی ئەنقەرە پێدەچێ لە گەڵ دیمەشق و رژێمی بەشار ئەسەد رێکبکەون.
واشنتۆن پۆست هەروەها لە سەر زاری هۆشیاری زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق گواستوویەتیەوە: بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کاریگەری لە سەر میلیشیاکانی عێراقیش دادەنێ و رەنگە ئەم هێزانە داواکارییەکی هاوشێوە بهێننە ئاراوە.
بە گوتەی زێباری، میلیشیا شیعەکان لانی کەم یەک لە سەر سێی کورسیەکانی پەرلەمانیان بە دەستەوەیە، رەنگە هەوڵ بدەن بۆ کۆکردنەوە دەنگی نوێنەرانی دیکە پەرلەمان، تاکوو بەم رێگەوە گەڵالە یان داواکارییەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئامادە بکەن.
زێباری هەروەها دەڵێت “لۆژیکی میلیشیاکان بەم شێوەیە دەبێت، ئەگەر ئەمریکا داعشی لە سوریا تێکشکاندووە، لە عێراقیش شکستیان هێناوە و لە ئەنجامدا هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئامادەبوونی سەربازی واشنتۆن بوونی نییە”.