نوچەنێت
ئەمڕۆ دادگای رەسافەی عێراق بڕیاریدا پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ خەرجبکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان “ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٦-١٢-٢٠١٨) دادگای رەسافە حکومەتی عێراقی پابەندکرد بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦، کە بڕەکەی ٥٥٥ ملیار دینارە”.
زیاتر لە نۆ مانگە ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخش لەگەڵ نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی و دادگای رەسافە سکاڵایان لە دژی وەزیری بازرگانی عێراقی تۆمارکردبوو، دواجار دادگا بڕیاریدا دۆستەیەکە لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێنێت.
حكومەتی عێراقی، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە ساڵی ٢٠١٧، بە نرخێكی كەمتر گەنمی جووتیاران كڕیوە و بەجۆرێك بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك ٥٦٠ هەزار دینار و و بۆ پلە دوو ٤٨٠ هەزار و بۆ پلە سێ ٤٢٠ هەزار دیناری دانابوو.
لەكاتێكدا لە ساڵانی رابردوو بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك ٧٠٠ هەزار دینار و بۆ پلە دوو ٦٠٠ هەزار دینار و بۆ پلە سێ ٤٨٠ هەزار دیناری دیاریدەكرد.