نوچەنێت-فارێن پاڵیسی
پێگەی فارێن پاڵیسی، لە شرۆڤەیەکدا ئاماژەی بە دیلەکانی داعش کردووە، کە لە لایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کراون و رایگەیاندووە پێدەچێ ئەم دیلانە وەک کارتێکی گوشاری دیپلۆماسی بۆ سەر فەرەنسا بەکار بهێنرێت.
بە گوێڕەی فارین پاڵیسی، دوابەدوای بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، شاندێکیان بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرۆکی فەرەنسا رەوانەی ئەم وڵاتە کردووە.
یەکێک لەو کارتانەی، کە لە دەستی کوردی رۆژئاوادایە، بوونی زیاتر لە ٣٢٠٠ دیلی داعشە، کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەم گروپەشی تێدایە.
ژمارەیەک لە دیلەکان، وەک بەرپرسی باڵای داعش هەژمار دەکرێن و ژمارەیەکیشیان لە وڵاتانی ئەوروپی و لەوانە فەرەنسا، کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.
لە ئێستادا نیگەرانییەکی وڵاتانی رۆژئاوایی ئەوەیە، کە هێزەکانی رۆژئاوای کورستان لە ئەگەری هێرشی تورکیا و بێ هیوابوونیان لە وڵاتانی ئەوروپی، ئەم دیلانە بەربدەن.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە نزیک بە ١٥٠٠ هاوڵاتی فەرەنسی پەیوەستی ریزەکانی داعش بوونە.
بە گوێرەی فارێن پاڵیسی، کوردەکان دیلەکانی داعش وەک کارتی گوشار بۆ سەر فەرەنسا بە کاردێنن، تاکو ئەم وڵاتە هاوشێوەی ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا نەکشێنێتەوە.