نوچەنێت
کشانەوەی هێزە سەربازیيەکانی ئەمریکا لە سووریا، کاردانەوەی جیاوازی بە دواوە بووە و هاوکات بۆتە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆن.
دوابەدوای راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەمریکا بە سەر داعش لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە، ئیدارەی ئەم وڵاتە باسی لە کشانەوەی هێزە سەربازیيەکانی لە سەر خاکی سووریا کردووە و دەگوترێ بەم زووانە پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانى دەستپێدەکات.
بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، دوای سەرکەوتنە مێژووییەکانی ئەمریکا بە سەر داعش، کاتی گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا هاتووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئامادەکاری بۆ قۆناغی شەڕی دوای داعش دەکات، بە بێ ئەوەی وردەکاریيەکانی ئەم قۆناغە بخاتەڕوو و روونکردنەوەیان لە سەر بدات.
بە گوێرەی راگەیێندراوی پێنتاگۆن، وردەکاریيەکانی قۆناغی دواتری ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هۆکاری پاراستنی نهێنیەکانی و پاراستنی گیانی سەربازەکان، جارێ ئاشكرا ناکرێت.
ئەمریکا لە ئێستادا نزیک بە دوو هەزار کەس لە هێزە سەربازیيەکانی لە سووریا جێگیر کردووە.
لە کاتێکدا بە گویڕەی سەرچاوەکان، ئێستاشی لە گەڵ بێت ژمارەیەک لە هێزەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا بڵاوەیان پێکراوە، ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازیيەکانی ئەمریکا، پێشتر جەختیان لە سەر ئامادەبوونی و بەردەوام بوونیان لە کاروباری هێزەکانی ئەمریکا لە سەر خاکی سووریا کردووە.
هاوکات، ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانی ئەمریکا دەڵێن ئەم کشانەوە نیگەرانی ئەوانی بە دواوەیە، ئەوان دەڵێن “بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، دەکرێ بڵێین براوە سەرەکيیەکانی گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی سوریا و شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە، بە پلەی یەکەم رژێمی بەشار ئەسەد و رووسیا و ئێرانن، وەک دوو پشتیوانی سەرەکی ئەم رژێـمە”.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کە سەربازانی ئەمریکا لە ئامادەباشی تەواودا دەبن، ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە لە ئەگەری پێویستی دووبارە بە ناردنەوەی هێز بۆ سووریا و بەرگری لە بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا، دەستبەجێ هەنگاو بنێن.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، باسی لە کشانەوەی سەرجەم دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە سووریا کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ٢٤ کاتژمێری دیاری کردووە.
برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش، هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، کە داعش لە ناوچەکە ناسرێتەوە و ئەمریکا بۆ پاراستنی باری سەقامگیری لە سووریا، ئامادەیی تەواوی هەیە.
سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەم بڕیارەی ترەمپیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، پەیوەندی داوە بە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنی ناوبراو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.
جێی ئاماژەیە زۆربەی هێزە سەربازیيەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە جێگرین، کە ئەنقەرە بە گروپێکی تیرۆریستی و سەر بە پەکەکەیان دەناسێت.
تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، کە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە دەستپێدەکات.
شەوی رابردوو، سەدان کەس لە لایەنگرانی یەپەگە لە بەردەم کۆشكی سپی کۆبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی.
هاوکات راگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، کاردانەوەی توندی ژمارەیەک لە کۆنگرێسمانە کۆمارییەکانی بە دواوە بووە.
لیندزی گاراهام، سیناتۆری کۆماریخواز، بە توندی رەخنەی لەم بڕیارەی ترەمپ گرتووە و سەبارەت بە پەرەسەندنی دەسەڵات و نفوزی ئێران لە سووریا هۆشداری داوە.
گاراهام لە تویتێکدا نووسیویەتی: داعش لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان تێیک نەشکاوە. بە گوتەی ئەم سیناتۆرە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا گورزێکی کوشندەیە لە کوردەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریا.
سیناتۆر باب کۆرکێر، سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی سینای ئەمریکا، وێڕای رەخنەی توندی بۆ سەر ئەم ىڕیارە، بڕیارەکەی ترەمپی بە سیاسی وەسف کردووە.
ئەم سیناتۆرە کۆماریخوازە دەشڵێت، لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوو، کە ئەندامی کۆنگرێس بوو، وەها بڕیارێکی نەبینیوە، بیر لەوە بکەنەوە سەرۆکێک بەیانی لە خەو هەڵدەستێ و وەها بڕیارێک دەدات، بە بێ ئەوەی لە بارەیەوە قسەی کردبێ یان ئامادەکاری پێویستی بۆ کردبێت.
ماکرکۆ روبیۆ، یەکێکی دیکە لە سیناتۆرەکانی کۆماریخوازی ئەمریکا، ئەم بڕیارەی ترەمپی بەم شێوەیە وەسف کردووە “وەکو ئەوە وایە سووریا بە دوو دەستی رادەستی رووسیا و ئێران بکەیت”.
بەم حاڵەشەوە، هەر وەک چاوەڕوان دەکرا، رووسیا پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
ماریا زاخارڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتوویەتی، کە ئەم بڕيارە، رێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا فەراهەم دەکات.
بەریتانیاش هەڵوێستی بەرامبەر بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا وەرگرتووە و رایگەیاندووە، کە بڕيارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بە مانای کۆتایی کاروباری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نییە و بەریتانیا لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوامە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.
ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی ئێڕان بڕیارەکەی ئەمریکایان بە شکستی ئەم وڵاتە وەسف کردووە.
بەرپرسانی پەیەدە رایانگەیاندووە، کە ئەمریکا بەم بڕیارە، لە پشتەوە بە خەنجەر لێێ دوان.