نوچەنێت: تایبەت
ئەندامیکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەرلەمان سێ وەزیری دیکەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی پەسندکرد و دووی کاندیدیشی رەتکردەوە.
سەرەڕای دەنگدان بە کاندیدەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام كێشە گەورەکە یەکلانەبووەتەوە و پێنج کاندید ماون کرنگترینیان کاندیدی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری و دادە کە ئەویش لەنێو شیعەکان ناکۆکی لەسەر بەربژێری وەزیری ناوخۆ هەیە. لەنێو سوننە ناکۆکی لەسەر بەربژێری وەزیری بەرگری هەیە. لەنێوا کوردیشدا ناکۆکی لەسەر بەربژێری وەزیری داد هەیە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە راگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، پێنج بەربژێر خرانە دەنگدانەوە، سێ بەربژێر پەسندکران و دوو بەربژێر رەتکرانەوە. روونیکردەوە، هەریەک لە قوسەی سوهێل، بۆ وەزیری خوێندنی باڵا، عەبدولئەمیر حەمدانی، بۆ وەزیری رۆشنبیریی و نووری دلێمی، بۆ وەزیری پلاندانان پەسندکراون. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ٢٠-١٢-٢٠١٨ سوێندنی یاسایی بخۆن.
دووبەردانی دەڵێت، هەریەک لە د. سەبا خەیرەدین تائی، کاندید بوو بۆ وەزیری پەروەردە و هەناء ئیمانوئێل گۆرگیس، بۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران رەتکرانەوە. دەبێ لەماوەی ٤٨ کاتژمێری دیکەدا دوو ناوی دیکە بۆ ئەو دوو پۆستە وەزارییە پێشکەشبکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا، پەرلەمان چاوەڕوانی رێککەوتنی لایەنەکانە لەبارەی ئەو پێنج وەزیرەی، کە هێشتا دەنگیان لەسەر نەدراوە.