نوچەنێت–ئاژانسەکان
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، واشنتۆن چیدی نایهەوێ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا لە دەسەڵات دوور بخاتەوە.
جەیمز فێری، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا و نێردەی ئەم وڵاتە بۆ کاروباری سوریا، لە میانی گوتارێک لە ژووری فکری ئەتڵانتیک، سەبارەت بە داهاتووی رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند: دەمانهەوێ حکومەتێکی جیاواز لە سوریا بهێنینە سەر دەسەڵات، نامانهەوێ رژێمی سوریا بکەوێ.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا جەختیش دەکاتەوە، کە وڵاتانی رۆژئاوایی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ئامادە نین یارمەتی بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا بگەیێنن.
بە گوتەی جەیمز فێری، وڵاتانی رۆژئاوایی نایانهەوێ پارە کۆبکەنەوە، مەگەر ئەوەی، کە رژێمی ئەسەد بێتە سەر مێزی دانوستان و چیدی قەیران نەخوڵقێنی.
ئەم دیپلۆماتکارەی ئەمریکا، هەروەها جەختی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کرد و گوتیشی، کە واشنتۆن پێێ وایە، کە ئێران بۆ چارسەری قەیرانی سوریا، دەتوانێ رۆڵێکی سنوورداری هەبێت.