نوچەنێت–سپۆتنیک
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی بەشار ئەسەد لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سوریا، ئەنقەرە ئامادەیە شێوەی هاوکاریەکانی لە گەڵ رژێمی ئەسەد تاوتوێ بکات.
مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەروەها دەڵێت: ئەگەر سەرۆکی رژێمی سوریا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراتی و بە چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، تورکیا ئامادەیە قۆناغی هاوکاری کردن لە گەڵ بەشار ئەسەد، تاوتوێ بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختیش لە سەر ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ بۆ سوریا دەکاتەوە و دەشڵێت “دەبێ پرۆسەیەکی سیاسی شەفاف و دیموکراتی لە تورکیا بێتە کایەوە و لە کۆتاییدا ئەوە خەڵکی سوریان، کە بڕیار لە سەر چارەنووس و داهاتووی خۆیان دەدەن”.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنەوەی بەشار ئەسەد، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، چاوش ئۆغڵو دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنەکە دیموکراتی و خاوەنی شەرعییەت بێت، هەمووان دەبێ بیر لە قبووڵ کردنی ئەنجامەکانی بکەنەوە.