نوچەنێت
چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا (برێگزیت)، ئەم یەکێتییەی لە قەیرانێکی گەورە تێوەگلاندووە. دۆخی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێت، کە هیچ چارەسەر و رێگرێک لە بەردەم ئەم چووونەدەرەوە نییە، بەریتانیا بڕیارە ٢٩ی مانگی مارسی ٢٠١٩، بە بێ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپا بگاتە رێککەوتنێکی کۆتایی، لێێ جیا بێتەوە.
دەرهاویشتە و کاریگەریيەکانی ئەم دەرچوونە، هەم بۆ یەکێتی ئەوروپا و هەم بۆ لەندەن دژوارە و پێشبینی ناکرێت. تا دێ چانسی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەبارەی برێگزیتەوە کەمتر دەبێتەوە، ئەمە هەمان ئەو هەواڵە ناخۆشەیە، کە لەندەن بە گوێی یەکێتی ئەوروپای دەخوێنێ.
تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی لەگەڵ سەرانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسێل، نەیتوانی لەگەڵیان بگاتە رێککەوتنێکی نوێ.
دژبەرانی برێگزیت لە لەندەن، دەیانهەوێ خاڵی رێککەوتن لە سەرکراو، کە پەیوەستە بە سنوورەکانی ئیرلەندا، لە دەقی رێککەوتنەکە لاببەن، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر توندڕەوەکانی دژبەری برێگزیت لە لەندەن، دەنگ بە تەواوەتی برێگزیت نەدەن، پێدەچێ شکستێک بە نەسیب مەی بکەن، کە بڕیارە مانگی جانیوەری لە پەرلەمان دەنگی بۆ وەربگرێت. هەر چۆنێک بێت مانای وایە، کە ئەم وڵاتە بە بێ ئەوەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بگاتە رێککەوتنی دڵخواز، لێی جیا دەبێتەوە.
کێشەی گەورەتر نەبوونی بەدیلە بۆ برێگزیت. چاوەڕووان دەکرێ ئەم جیابوونەوەیە دەرهاویشتە و کاریگەری زۆری لە بە سەر دوو لایەنی ئەم هاوکێشەیە هەبێت. تێرێزا مەی، ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەم وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپا داببڕێنێ. بۆ مەی، بژاردەی بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ برێگزیتێکی دووەم، مانای شکست دەگەیەنێت. ئەم بژاردەیە، پێویستی بە کات هەیە، لانی کەم شەش مانگ دەبات. ئەگەر دەنگی پەرلەمانی بەریتانیا بخرێتە پاڵ برێگزیتی دووەم، ئەوە گشتپرسیەکەی رەنگە بکەوێتە مانگی جون؛ واتە یەک مانگ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا.
ئەگەر بەریتانیا بڕیارە لە سەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ برێگزیتی دووەم بدات، یەکێتی ئەوروپا دەبێ خۆی بۆ ئامادە بکات، ئەمە مانای وایە، کە کێشەی دیکەی دێتە سەر رێ، واتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا و برێگزیتی دووەم.
لێرەوە دەکرێ لە نیگەرانیەکانی سیاسییەکانی ئەوروپی تێبگەین، ئەوان پێیان وایە، کە بەریتانیا هەرچی زووتر رێککەوتنی برێگزیت بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەم یەکێتییە بچێتە دەرەوە. بەریتانیا چیدی وەک هاوبەشێکی سادە بۆ یەکێتی ئەوروپا نامێنێتەوە، پێگەی لەندەن بە شێوەیەکە، کە پشکی بەرچاوی، کە ئاسایش و خۆش بژیوی ئەوروپادا هەیە. یەکێتی ئەوروپاش بە باشی لەم بابەتە تێدەگات.
ئەگەر بەریتانیا بڕیارەکە ببێتەوە ئەوە، کە گشتپرسی دووەم ئەنجام بدات، یەکێتی ئەوروپا نابێ لەمپەر لە سەر رێی بڕیارەکە دروست بکات، چونکە ئەم چیرۆکە گەڕانەوەی بۆ نییە.
دانوستانکارانی برێگزیت لە ئەوروپا و بەریتانیا، ماوەیەک بەر لە ئێستا لەم بارەوە گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام هاوکات نیگەرانیەکان لە بارەی ئەم جیابوونەوەیە تا دێ زۆرتر دەبێت. ئەوروپا و لەندەنی بە نیگەرانیەوە دەڕواننە دەنگی پەرلەمانی بەریتانیا، ئەوان چاوەڕێن بزانن دەنگی دواجاری پەرلەمان لەم بارەوە چۆن و چی دەبێت.
تێرێزا مەی هەموو هەوڵەکەی ئەوەیە، کە رەشنووسی رێککەوتنی برێگزیت لە گەڵ ئەوروپیەکان بباتە پەرلەمان و دەنگی پەسەندی بۆ وەربگرێت.
دادگای باڵای ئەوروپاش، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە بڕیارێکدا رایگەیاند، کە دەوڵەتی بەریتانیا بۆی هەیە بەشێوەی یەکلایەنە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی خۆیدا بکات و هەڵبوەشنێتەوە.
بڕیاری دادگای ئەوروپا هیوایەکی لە دڵ لایەنگرانی مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پێکهێناوە، بەو مانایە، کە برێگزیتی دووەم بەڕێوە بچێت.
سەرانی ئەوروپا لەندەنیان بۆ قبووڵكردنی رێککەوتنی برێگزیت خستۆتە ژێر گوشارەوە. زۆربەی سەرانی ئەوروپی جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە، کە هیچ جۆرە دانوستانێکی دووبارە لەبارەی برێگزیت ئەنجام نادرێت.
تێرێزا مەی بەرامبەر بەم پێداگریەی سەرانی ئەوروپا، هۆشداری دەدات و دەڵێت “ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان رێککەوتنی برێگزیت رەت بکەنەوە، دوو بژاردە دێتە ئاراوە، مەترسی دەرچوونی ئەم وڵاتە بە بێ رێککەوتن، یان مانەوەیان لە یەکێتی ئەوروپا”.
رێککەوتنی برێگزیت بۆ پەسەندی کۆتایی پێویستی بە ٣٢٠ دەنگ لە کۆی ٦٥٠ دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە؛ تاکوو ئێستا چارەنووسی کۆتایی برێگزیت و کابینەی تێرێزامەی، ناڕوونە. سیناریۆکانی بەردەم ئەم دۆخە لە رۆژانی داهاتوو بەم شێوەیە دەبێ: رێککەوتنی برێگزیت دەنگی پەرلەمان مسۆگەر دەکات، بەریتانیا بە بێ رێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا دەردەچێ یان تەنانەت گشتپرسییەکی دیکەی لەبارەی برێگزیتەوە بەڕێوە دەچێت.