نوچەنێت
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هەبێت، سەرکۆنە دەکەین و رەتیدەکەینەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە 13-12-2018 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیانکردەسەر پێگەکانی پەکەکە لە شنگال و کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان لە مەخموور، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە لە مەخموور.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (14-12-2018) وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا رایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە کارانە پێشێلکردنی سەروەریی و ئاسایشی عێراقە و بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، کە رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هەبێت، رەتیدەکەینەوە.