نوچەنێت-ئاسۆشیتێدپرێس
پێگەیەکی ئەمریکا دەڵێت، ئیمێڵی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە لایەن هاککەرەکانی ئێران هاک کراون.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس بە پشت بەست بە ناوەندی ئەمنی سەرتا کە لە لەندەن جێگیرە رایگەیاندووە، کە گروپێک لە هاککەرە ئێرانیەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا توانیویانە ئیمێڵی ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا بشکێنن.
بە گوێڕەی زانیارییەکانی ئاسۆشیتێدپرێس ئەم گروپە هاککەرە ئێرانییە، بە “بەچکە پشیلەی ژیکەڵە” بەناوبانگن.
ئاسۆشیتێدپرێس هەروەها رایگەیاندووە، ئەم گروپە هاککەرییە سەر بە حكومەتی ئێرانە و بێجگە لە وەزارەتی خەزێنەداری، هێرشی سایبەری کردۆتە سەر ژمارەیەک لەو بەرپرسانەی ئەمریکا، کە رۆڵیان هەبووە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران.
بە گوتەی فرێدریش کاگان، لێکۆڵەری بواری چالاکیە سایبەرییەکانی ئێڕان، ئامانجی ئەم هێرشانە دەستخستنی زانیاری لە پەیوەندی لە گەڵ گەمارۆکانی سەر ئێران بووە، کە لە لایەن واشنتۆنەوە بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپێندراوە.