نوچەنێت
ئەمڕۆ ٧٠ ساڵ بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی مافی مرۆڤە لە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان جێبەجی ناکرێت.
رۆژی ١٠-١٢-١٩٤٨، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣٠ ماددەدا، مافە گشتییەکانی مرۆڤی لەچارچێوەی جاڕنامەیەک راگەیاند و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد، پابەندی ئەو جاڕنامەیە بن.
ماددەکانی بڕیارەکە:
– مرۆڤەکان ئازاد و یەکسانن.
– هەموو مرۆڤێک مافی پەیڕوکردنی ئازادییەکانی هەیە و نابێ بەهۆی رەگەز، ئاین، رەنگ، زمان و بیروڕای سیاسی ئەو ئازادییەیان لێ زەوت بکرێ.
– هەموو مرۆڤێک مافی ژیان و ئارامی هەیە.
– رێگا بە بەکۆیلەکردنی هیچ مرۆڤێک نادرێ.
– رێگا بە ئەشکەنجەدانی مرۆڤ نادرێ.
– هەموو مرۆڤێک لە هەموو شوێنێک مافی ئەوەی هەیە کەسایەتییەکی یاسایی پێ بدرێت.
– هەموو مرۆڤەکان بەرامبەر یاسا یەکسانن.
– هەموو مرۆڤێک مافی پەنابردن بۆ دادگای هەیە.
– نابێ هیچ مرۆڤێک لە ناوچەکەی خۆی دوور بخرێتەوە یان دەستبەسەر بکرێت.
– هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە دادگایەکی بێ لایەن بە یەکسانی سەیری کەیسەکەی بکات.
– هەموو مرۆڤێک بێ تاوانە، تا ئەوکاتەی دادگا تاوانباربوونی دەسەلمێنێت.
– نابێ دەست لە ژیانی تایبەتیی هیچ مرۆڤێک وەربدرێت.
– هەموو مرۆڤێک ئازادە لە کام ناوچە و کام وڵات دەژی.
– هەموو مرۆڤێکی بێ تاوان مافی پەنابردنە بەر وڵاتانی دیکەی هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی بوونی رەگەزنامەی هەیە.
– هەموو کچ و کوڕێک، دوای گەیشتن بە ١٨ ساڵی، مافی پێکهێنانی خێزانیان هەیە بەبێ دەستوەردانی کەسانی دیکە.
– هەموو کەسێک مافی خاوەندارێتی موڵک و ماڵی هەیە و نابێ موڵک و ماڵ لە کەس زەوت بکرێ.
– هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی بیر و گۆڕینی ئایینی هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی هەیە.
– هەموو کەسێک مافی بوونە ئەندامی لە گروپ و کۆمەڵە ئاشتیخوازەکان هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی بەشداری سیاسی هەیە، بە خۆهەڵبژاردن یان دەنگدان بە نوێنەری خۆی.
– هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە، مافە کۆمەڵایەتییەکانی گەرەنتی (بیمە) بکرێ.
– هەموو مرۆڤێک مافی کار و ئەو کارەی خۆی دەیەوێ، یەکسانیی مووچە لە یەکسانیی کاری هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی بوونی حەسانەوە و کاتی بەتاڵی هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی دەرامەتێکی شایستە بۆ ژیانی خۆی و منداڵەکانی، هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی خوێندنی هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی بەشداریکردن لە چالاکییە فەرهەنگی و رۆشنبیرییەکانی هەیە.
– هەموو مرۆڤێک مافی دەستگەیشتن بە سیستەمە کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییەکانی هەیە، کە ماف و ئازادییەکانی بپارێزێت.
– هەموو مرۆڤێک چەند ئەرکێکی لەبەرامبەر کۆمەڵگە لەسەرە و نابێ بەدەر لە یاسا، مافەکان لە هیچ کەسێک وەربگیرێتەوە.
– هیچ رێکخراو و دەوڵەتێک مافی ئەوەی نییە بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە پێشێل بکات یان دەستکارییان بکات.