نوچەنێت: تایبەت
چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، لەبەر کۆمەڵێ فاکتەری مەوزوعی، لە ئەنجامدا تووشی لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەبێ و هۆکارەکانیشی بۆ نوچەنێت دەخاتەڕوو.
لە رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا بەڵام بە هۆی کێشەو ململانێی زۆرەوە لەناو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەت شیعە، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان پێکدەهێنن، رێگری سەرکییە و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی نوێ عێراق، بەهۆی سەربەخۆ بوون و نەبوونە خاوەن هێزێکی سیاسی، بە ئاسانی توانای بڕیار دان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نابێ و پێویستە چاوەڕێی رێککەوتنی لایەنەکان بکات. بە گوتەی شارەزایانی سیاسی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، حەسەن بارام، چاودێری سیاسی کورد، لەبارەی تەحەدیاتی بەردەم کابینەی نوێی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عادل عەبدولمەهدی، لەبەر کۆمەڵێ فاکتەری مەوزوعی، کە هەیە لە دەوروبەری، لە ئەنجامدا تووشی لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەبێ و بڕوا ناکەم خودی کەسایەتییەکە بەرگەی ئەو دۆخە بگرێت، لە داهاتوودا کە من پێشبینی دەکەم.
حەسەن باران هۆکارەکانی بەردەم حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بە چەند خاڵ دەخاتەڕوو و دەڵێت:
یەکەم: ئابووری عێراق ئابوورییەکی زۆر بەهێز نییە و کێشەی دارایی هەیە و سێ گۆشەی سوننە بە تەواوەی هەڵوەشاوەتەوە و پێویستی بە بودجەیەکی زەبەلاحە بۆ هەستانەوەی هەروەها هەر لە بەسرەوە تا شوێنەکانی دیکە وێرانەیە.
دووەم: تۆخبوونەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، کاریگەری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ستراتیژی بۆ سەر حکومەتەکەی عەبدولمەهدی دەبێ.
سێیەم: خودی عادل عەبدولمەهدی خاوەن هێزێکی تایبەت نییە لە ناو شیعەکاندا، کە وەکو کارەکتەرێکی سەربەخۆ هێنراوە، کە ئەمەش وای کردووە هەمیشە لە ناو پەرلەماندا لاواز بێ و پشتگیری هێزێکی سیاسی تایبەت بەخۆی نەبێ.
چوار: هێزە شیعەکان لەناوخۆدا لە ململانێدان و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە عادل عەبدولمەهدی دەکەن؛ کە هەندێکیان شەش مانگ و هەندیکیان ساڵێک و بەشێکی دیکەیان کەمتر یان زیاتریان داناوە، کە ئەگەر سەرکەوتوو نەبێ، پشتگیری ناکەن و دەبێ حکومەتەکەی هەڵبووەشێتەوە و دەستلەکار بکێشێتەوە.
پێنجەم: بوونی حەشدی شەعبی و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان و گوشارەکانی ئەمریکا و هەروەها بەبەتی چۆنیەتی چارەسەر کێشەکانی کوردستان بە تایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان ئەمانە کۆمەڵێك کۆسپی گەورەو گرنگن کە چارەسەرکردنیان ئاسان نییە.