نوچەنێت–رۆیتەرز
وەزیری وزەی قەتەر رایگەیاند، ئەم وڵاتەی لە ئەندامەتی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت (ئۆپێک) دەکشێتەوە.
سەعد کەعبی، وەزیری وزەی قەتەر، کە مانگی رابردوو بۆ ئەم پۆستە دانراو، لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، کە قەتەر بڕیار داوە لە مانگی جانیوەری ٢٠١٩ لە ئەندامەتی ئۆپێک بکشێتەوە.
کەعبی ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە پێشتر بەرپرسانی ئۆپێکی لەم بڕیارە ئاگادار کردۆتەوە.
وەزیری وزەی قەتەر، لە بارەی ئەم بڕیارە مێژووییەوە دەڵێت: ئێـمە یەدەکی نەوتی زۆرمان نییە و وەک وڵاتێکی واقع بین، زیاتر جەختمان لە سەر کەرتی گازە.
قەتەر بڕیاری داوە، لە سەر بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەردەوام بێت، بەڵام تەرکیزی زیاتر دەخاتە سەر کەرتی گاز.
میرنشینی قەتەر، وەک گەورەترین وڵاتی هەناردەکەری گازی سرووشتی جیهان هەژمار دەکرێت، ساڵی ١٩٦١ واتە ساڵێک دوای دامەزرانی ئۆپێک بۆتە ئەندامی ئەم رێکخراوە.
سعودیە لە جونی ٢٠١٧، بە تۆمەتی پشتیوانی قەتەر لە تیرۆریسم، گەمارۆی خستە سەر ئەم وڵاتە و لە درێژەدا چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی چوونە بەرەی سعودیەوە.