نوچەنێت: ئاژانسەکان
ئاژانسی فەرمی حکومەتی سووریا ئاشکرایکرد، کاتژمێر ٨ـی شەوی رابردوو (٢-١٢-٢٠١٨) فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆردوومانی چەند ئامانجێکی سوپای سووریایان لە چیای غەراب لە باشووری سەخنەی سەر بە حومس کردووە.
سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەتی سووریا رایانگەیاندووە “فڕۆکەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ژمارەیەک بارەگای هێزەکانمان لە چیای غەرابی باشووری سەخنە کردووە و تەنیا زیانی مادی هەبووە”.
ناوچەی سەخنە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی حومس و دێرەزوور لە سووریا.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ راگەیێندراوێکیان لەبارەی ئەو بۆردوومانە بڵاونەکردووەتەوە.