فەرماندەیەکی باڵای داعش دەستگیر کرا

0

نوچەنێت

حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی داعشی راگەیاند، کە والی داعش لە کەرکوک بووە و بەرپرس بووە لە لەقەفەسنانی پێشمەرگە دیلەکان و گێڕانیان بەناو خەڵکدا لە ساڵی ٢٠١٥ لە قەزای حەویجە.

بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی نیۆیۆرک تایمز-ی ئەمریکی، جەمال ئەلمەشھەدانی ناسراو بە (ئەبو ھەمزە ئەلکوردی)، پلەیەکی بەرزی لە نێو چەکدارانی داعش ھەبووە و بەم دواییانە لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەستگیر کراوە. ئەو پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئەفسەری سەربازی بووە لە سوپای سەددام حوسێن.

ئەو بەرپرسەی داعش، خۆی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای دەکات، خەڵکی شارۆچکەی تارمییەی باکووری بەغدایە و تەمەنی ٤٥ ساڵە. دەزگای ھەواڵگری عێراق ڕۆژی ھەینی ٣٠-١١-٢٠١٨، تۆماری دانپێدانانەکانی جەمال ئەلمەشھەدانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا ئاشکرای دەکات، ساڵی ٢٠١٤ لە موسڵ چاوی بە ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، کەوتووە.

ئەبو هەمزە دان بەوەدا دەنێت، کە وەک والی داعش لە کەرکوک کاری کردووە و بەرپرسی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و ھەستیاری تیرۆریستانی داعش بووە لەو ناوچەیە، لە نێوانیشیاندا ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی تازە، کە تێیدا چەکی کیمیاوی بەکارھات و دەیان کەسی سیڤیل کوژران و بریندار بوون.

ئەم فەرماندەیەی داعش دان بەوەش دادەنێت، کە دواتر سەرپەرشتی بەدیلگرتن و لەقەفەزنان و بەشاردا گێرانی ١٨ پێشمەرگەی لە حەویجە کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارەکانیان. ئەمە لەکاتێک دایە، کە ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٢١ پێشمەرگە لە لایەن داعش بەدیل گیرابوون و لەناو قەزای حەویجەدا لە شەقامەکان بە خەڵکی نیشان درابوون.

ئەبو هەمزە ئەلکوردی لە ساڵی ٢٠١٧ بڕیار داوە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان و بارودۆخی خراپی داعش، ریزەکانی رێکخراوەکە بەجێ بهێڵێت، بەڵام لە ماڵی کوڕەکەی لە شاری بەغدا دەستگیر کراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com