نوچەنێت–تاس
نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا دەڵێت، ئەگەر روسیا چاوەڕوانی هاوکاری ئەمریکایە لە سوریا، واشنتۆن بە مەرج ئامادەیە وەڵامی داواکەی مۆسکۆ بداتەوە.
جەیمز فێری، نێڕدەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، مەرجی واشنتۆن بۆ مۆسکۆ ئاشكرا دەکات و دەڵێت: تەنها ئەو کاتەی ئامادەین لە سوریا هاوکاریی مۆسکۆ بکەین، کە ئەم وڵاتە بەرەنگاری رەفتار و سیاسەتی تێکدەرانەی ئێران ببێتەوە و بەرامبەر بە تاران هەڵوێستی هەبێت.
فێری دەشڵێت، ئامانجی ئەمریکا، جێگیرکردنی ئاشتی و ئاگربەستە لە سەرتاسەری سوریا و ئێـمە ئامادەین لەم بارەوە هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و روسیا بکەین.
نێڕدەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا جەختیش دەکاتەوە، کە ئەگەری روسیا بیهەوێ چارەسەری کێشەکانی سوریا بکات و کۆتایی بە شەڕ لەم وڵاتە بهێنرێت، دەبێ بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئێڕان بێتەوە. بە گوتەی فێری ئێڕان لە سوریا پەرە بە کاریگەری و نفوزی خۆی دەدات، ئەمەش رێگرە لەبەردەم ئاشتی لە سوریا.