وەزیرێک و دوو بەڕێوەبەری گشتی زیندانی دەکرێن

0

نوچەنێت

سزای زیندانیکردن بۆ وەزیری پێشووتری بازرگانی عێراق و دوو بەڕێوەبەری گشتی ئەو وەزارەتە دەرکرا، کە بە ملیۆنەها دۆلاریان لە سامانی گشتی بە هەدەر داوە.

ئەو بڕیارەی دادگا-ش رۆژێک دوای بڕیاری ئازادکردنی عەبدولفەلاح سوودانی دێت، کە ئەویش وەزیری پێشووتری بازرگانی بوو. کە رۆژی چوارشەممە ٢٨-١١-٢٠١٨، میدیاکانی عێراق بەڵگەنامەیەکی دادگای ناوەندی تایبەت بە چاوخشاندنەوەی بە یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوکردەوە، لەبارەی ئازادکردنی عەبدولفەلاح سوودانی، کە گوایە سکاڵاکار (کە وەزارەتی بازرگانییە) سازشی لەسەر داواکەی کردووە، بۆیە ئازادکراوە.

رۆژی پێنجشەممە ٢٩-١١-٢٠١٨، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دادگاکەیان سزای زیندانیکردنی بۆ هەریەک لە وەزیری پێشووتری بارزگانی و دوو بەڕێوەبەری پێشووتری وەزارەتەکە دەرکردووە، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، دوابەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە “ئەو هەڵاتووانە دوو گرێبەستیان بۆ کڕینی برنجی جۆری بەسمەتی کردووە و ١٤ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاریان بەهەدەرداوە”.

بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، دادگاکەیان گەیشتووەتە بڕوای تەواو لەبارەی تۆمەتەکان، لەبەرئەوە بە مادەی ٣٤٠ یاسای سزادان، سزای زیندانیکردنی حەوت ساڵی بۆ هەریەک لەو تاوانبارانە دەرکردووە، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەیان، زیان پێگەیشتووش مافی داواکردنی قەرەبووکردنەوەی هەیە. 

بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان، ئەو وەزیرەی بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بۆ کراوە، مەلاس عەبدولکەریم کەسنەزانییە و یەکێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش تەها هەدلوشە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com