نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسێکی پارتی لە موسڵ رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ میلیشیایەکی سەر بە حەشدی شەعبی هەڵیانکوتاوەتە سەر بینای پارێزگای نەینەوا و گەمارۆیان دا.
بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، لەداوای ئازاد کردنی موسڵ لە دەست چەکدارانی داعش، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوونەتە بارگرانی بەسەر خەڵکی ناوچەکە و جیا لەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیان نییە، بەڵکو خۆشیان بەهۆی نارێکخراو بوون و تائیفی بوونیان کێشەکانیان زیاتر ئاڵۆزتر کردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی رەوشی موسڵەوە رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧-١١-٢٠١٨، چەکدارانی عەسائب ئەهل حەق، کە سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە، هەڵیانکووتایە سەر بینای پارێزگای نەینەوا و گەمارۆیان داوە.
سەعید مەمۆزینی ئەوەشی خستەڕوو و گوتی “هێزێکی لۆکاڵی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی تکریت هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چەکدارانی عەسائیب رەتیدەکەنەوە شوێنەکە چۆڵ بکەن.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، کە بەهۆی ئەوەی میلیشیاکان تەقەیان کردووە، دڵەڕاوکێ لەنێو کارمەندانی بینای پارێزگا و هاوڵاتیانی شارەکە درووستبووە.