نوچەنێت
واشنتۆن بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کاریگەری و نفوزی ئێڕان لە عێراق، هەوڵی دوورخستنەوەی بەغدا و تاران لە یەکتر دەدات. ئاژانسەکانی هەواڵ رۆژی رابردوو ٢٤ی نۆڤەمبەر رایانگەیاند، کە واشنتۆن گوشار دەخاتە سەر بەغدا تاکو پەیوەندیيەکانی خۆی لەگەڵ تاران لە بواری وزە کەم و سنووردار بکاتەوە و لە بەرامبەردا جێگرەوەیەک بۆ عێراقیيەکان دیاری بکات، کۆمپانیاکانی ئەمریکی و سعودیە، دوو بژاردەی بەردەستی ئەمریکان بۆ ئەم ئامانجە.
گوشارەکانی ئەمریکا بەشێک لە هەوڵێکی بەربڵاوترە بۆ سنووردارکردنی کاریگەری و شوێندانەری ئێران لە عێراق. ئەم دوو وڵاتە ٩٠٠ مایل سنووری هاوبەشیان هەیە و لە دوای هێرشی ئەمریکا لە ٢٠٠٣، پەیوەندیيەکانیان بە قووڵی لێک گرێ دراوە. سەرباری ئەوەی، کە عێراق یەکێكە لە وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی ٤٥%ی کارەباکەی، پێویستی بە گازی سرووشتی ئێران هەیە.
ئەمریکا هەوڵ دەدات عێراق لە ئێران دوور بکاتەوە، بەڵام هاوکات نیگەرانییەکیش لەم هەوڵانە هەیە، ئەویش لاوازبوونی عێراقە. هەر چۆنێک بێت ئەم وڵاتە، ئەم دواییانە لە شەڕێکی ماڵوێرانکەری سێ ساڵە لەگەڵ داعش رزگاری بووە. سەرباری ئەمەش، شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی دەڵێن “گوشاری لە رادەبەدەر بۆ سەر عێراق، رەنگە ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبێت و عێراق زیاتر لە رابردوو لە تاران نزیک بکاتەوە”.
ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ گەمارۆکانی سەر ئێران، مۆڵەتێکی ٤٥ رۆژەی داوە بە عێراق، بەو مانایە کە بۆ ئەم ماوە زەمەنیە عێراقی لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەخشیوە. ئەمە بەو مانایە، کە عێراق دەتوانێ گازی سرووشتی ئێران هاوردە بکات. هەر چەند ماوەیەکی زۆر نییە و خودی ئەمریکیەکان پێیان وایە، کە عێراق پێویستی بە کاتێکی زیاتر هەیە تاکو بتوانێ هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران رابگرێت. لەم روانگەوە عێراقیيەکان چاوەڕێ دەکەین ئەم مۆڵەتە ٤٥ رۆژیە بۆ چەند ساڵێکی دیکە درێژ بکرێتەوە.
بە گوێڕەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، رائد فەهمی، ئەندام پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەمە بۆ ئێـمە گرفتێکی گەورەیە، ئەگەر ئەمریکا گوشارەکانی لە رادەبەدەر توند بکات، رەنگە عێراق بەرەو ناسەقامگیری ببات، دواجاریش ناوچەکە؛ ئەمریکیەکان ئەمەیان ناوێ بێگومان.
کۆمپانیاکانی ئەمریکی لە پەیوەندی لەگەڵ دابینکردنی پێداویستیيەکان و پێویستی کەرتی وزە، راوێژ دەدەنە عێراق. لە مانگەکانی رابردوو، چەندین کۆمپانیا لەگەڵ عێراق چەند رێککەوتنێكیان واژۆ کردووە یان پێشنیاری و راوێژیان داوە بەم وڵاتە، لەوانە دەرهێنانی گاز لە کێڵگە نەوتیيەکان یان باشترکردنی تۆڕی کارەبا و نۆژەنکردنەوەی.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاگادار، هەفتەی رابردوو شاندێکی کۆمپانیای تەگزاسی ئێکسلریت ئەنەرجی ئێڵ. پی بۆ دانی پێشنیاری کردنەوەی وزەخانەی گازی سروشتی لە عێراق سەردانی بەغدایان کردووە. دیپلۆماتکارانی ئەمریکی ئامادەکارییان بۆ رێکخستنی ئەم کۆبوونەوە کردووە، بەڵام دەگوترێ عێراقیيەکان ئەم پێشناریەکان رەتکردۆتەوە.
گوتەبێژی ئێکسلریت گوتوویەتی ئەم پڕۆژەیە دەتوانێ لە بەرژەوەندی عێراقیيەکان بێت، بەڵام سیاسەتی ئەم کۆمپانیا ئەوە نییە، کە بیهەوی لە بارەی دەرفەتە تیجاریەکان دانوستان بکات.
سەرەتای ئەمساڵیش عێراق رێککەوتنێکی هاوشێوەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی ئۆریون گێس پروسسور ئێڵ.ئێڵ سی واژۆ کرد، ئەم پرۆژەیە بڕیارە لە کێڵگە نەوتیيەکانی نەوتی نەهر بن عومەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی گوتویەتی، کە ئەمریکا داوای کە سعودیە کردووە، تا لە بواری کارەبا و تێكرای ژێرخانەکانی باشوری عێراق وەبەرهێنان بکات. لە ماوەی رابردوودا. خالد الفالح، وەزیری نەوتی سعودیە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هاوتا عێراقیيەکەی کۆبووەوە، ناوبراو هەروەها لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
عێراق لە هەوڵدایە بۆ پێدانی پارەی گازی سروشتی ئێران رێگایەک بدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی، کە گەمارۆکانی سەر ئێڕانی پێشێل کردبێت. بەرپرسانی عێراقی ئەم دواییانە پێشنیاری ئەوەیان کردووە بە پارە بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستی مرۆیی بدرێت بە ئێران.
کاظم الحسینی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سەربەخۆیی عێراق لە ئێران لە بواری وزە، بەر لەوەی، لە بەرژەوەندی لایەنی بەرامبەر بێت، بە قازانجی خودی عێراقە، ئەم راوێژکارەی عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت، هەنگاوەکانی ئەمریکا، ئەم پرۆسەی خێراتر کردووە.
بە گوتەی شارەزایان، دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ گاز و کارەبای ئێران، رەنگە زیاتر لە یەک ساڵ بخایەنێ. عێراق ساڵانە کارەبای یەک ملیۆن خانوو لە ئێران دابین دەکات و رۆژانە ٢٨ ملیۆن مەتر چوارگۆشە گاز لە ئێران هاوردە دەکات.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەوڵی عێراقیيەکان بە تایبەت لە مەسەلەی گەشەپێدان بە کەرتی وزە خستۆتەڕوو.