نوچەنێت-تاس
روسیا داواکارە هاوکات لە گەڵ داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکور، گرەنتی پێویست بدرێتە ئەم وڵاتە.
میخائیل ئۆلیانۆف، نێڕدەی نوێنەری روسیا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دەڵێت: مۆسکۆ داواکارە هاوکات لە گەڵ پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکور، گرەنتی پێویست بدرێتە پیۆنگ یانگ.
ئۆلیانۆف، هەروەها پشتیوانی مۆسکۆی بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە پیۆنگ یانگ خستۆتەڕوو و دەشڵێت “کارناسان و پسپۆڕانی روسی، لەم بارەوە ئامادەن یارمەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بکەن”.
لە ماوەی رابردوودا رێککەوتنێک لە نێوان پیۆنگ یانگ و واشنتۆن واژۆ کرا، کە بەو پێیە کۆریای باکور ئامادەی وەلانانی بەرنامەی ئەتۆمی خۆیەتی، بەڵام ئێستاشی لە گەڵ بێت، گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە بەردەوامن.