نوچەنێت-روسیا الیوم
وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت، ئەمریکا بە ئاراستەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی رژێمی سوریا بەردەوامە و بۆ ئەم مەبەستەش داعش وەک کارتێک بەکاردێنێ.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی نۆڤەمبەر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی گوتی: واشنتۆن بۆ شەڕی دژ بە داعش، کۆمەڵێک مەرجی دیاری کردووە، ئەمەش گوزارشت دەکات لە پلانی نهێنی ئەمریکا بۆ رژێمی بەشار ئەسەد.
لاڤرۆڤ گوتیشی “ئەمریکا بە ئامانجی گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد، داعش وەک هاوپەیمانێکی خۆی دەبینێت”.
وەزیری دەرەوەی روسیا ئەوەش خستەڕوو، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، چەند رۆژ بەر لە ئێستا رایگەیاند، کە داعش بە تەواوی تێکنەشکاوە و گۆڕینی ژێمی بەشار ئەسەد، پێش مەرجی لەناوبردنی داعشە. ئەمەش بەو مانایە، کە داعش تەنها پاساوێکە بۆ ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا لە سوریا.
وەزیری دەرەوەی روسیا، ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ئامانجی سەرەکی ئەم وڵاتە لەناوبردنی داعش نییە، بەڵکو گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەدە.