نوچەنێت-یۆرۆ نیوز
توبی لانزەر، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان دەڵێت، ئەم وڵاتە بۆ گەیشتن بە ئارامی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی چانسێکی گەورەی لەبەردەمدایە.
بە گوتەی ئەم دیپلۆماتکارەی نەتەوەیەکگرتووەکان، هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان و ئیرادەی لایەنەکان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی دانوستانەکان بە بەراورد لە گەڵ سالانی پێشوو بەهێزترە.
زەڵمای خەلیلزاد، نێڕەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، هەفتەی رابردوو لە قەتەر بۆ دووەمین جار لە گەڵ شاندی تاڵیبان کۆبووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە سەبارەت بە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان خەریکی دانوستان و گفتوگۆیەکی جددییە، بەڵام لە سەرکەوتن یان شکستهێنانی دڵنیا نییە.
ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی جیهان رایانگەیاندووە، کە سەرۆکی ئەمریکا، لە داهاتوویەکی نزیک سەردانی ئەفغانستان دەکات، بەڵام کۆشكی سپی تاکوو ئێستا ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.