نوچەنێت
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەنجامی پشکنینەکانی مرداربوونی ماسی لە رووباری فورات راگەیاند و دەڵێت “ئاوەکە بەڕادەیەکی زۆر پیسبووە”.
ئەمە کاتێکدایە، کە لەماوەی مانگی رابردوودا، ملیۆنان ماسی لە رووباری فوورات مرداربوون، بەجۆرێک بە شۆفڵ و بارهەڵگر ماسییەکان لە رووبارەکە دەردەهێندران و فڕێدەدران.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پشکنینەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی مرداربوونی ماسییەکانی رووباری فورات (لە پارێزگای بابل و قەزای موسەیب) تەواوبوون و سەلمێنراوە، کە ئاوەکە بەڕادەیەکی زۆر بە بەکتریا و کانزای قورس و ئەمۆنیا پیسبووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، پیسبوونی رووبارەکە، بووەتە هۆی مرداربوونی ماسییەکان، بەڵام هەڕەشە نییە بۆ سەر مرۆڤ.
حەمید نایف دەشڵێت، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، چەندین نموونەی ئاوەکەی پشکنیووە، هاوتای ئەو پشکنینانەش بوون کە لە ناوخۆی عێراق ئەنجامدران.