نوچەنێت
دوێنێ سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە وەڵامی پەیامەکەی رابەری رەوتی سەدر دەڵێت، موجامەلەی هیچ کەسێک ناکەم لەسەر حیسابی نیشتمانی. گوتیشی ”
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە پەیامەکەیدا بۆ موقتەدا سەدر دەڵێت “پەیامەکەتانم لەڕێگەی دەزگاکانی رایگەیاندووە بەدەستگەیشت، ستایشی رژدی و گرنگیدانتان دەکەم، لەهەمانکاتدا هیواخوازم بەڕێزتان ئەو زانیارییانەی لاتانە بۆمان بنێرن، تاوەکو بە هەموو جیدیەتێکەوە لەگەڵ دادگا بەدواداچوونی بۆ بکەین”.
هادی عامری دەشڵێت “بۆتان دووپاتدەکەمەوە، کە خوێنی خۆم و رۆڵە و برا و هاوڕێکانم لەپێناوی نیشتمان دەبەخشین، لە هیچ بارێکدا موجامەلەی هیچ کەسێک ناکەین لەسەر حیسابی نیشتمان، یاخود بێدەنگبوون لەسەر گەندەڵییەک دەرهەق بە نیشتمان بێ خوانەخواستە، ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمانین، عێراق گەورەترین خەممانە و ئامانجمان خزمەتکردنی نیشتمانە، دوور لە پشکپشکێنە و تائیفییەت”.
رۆژی رابردوو (دووشەممە ١٨-١١-٢٠١٨) موقتەدا سەدر پەیامێکی بۆ هادی عامری نارد و گوتی “سەفقەی گەورە هەیە لەنێوان هەندێک لە ئەندامانی فەتح و هەندێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی بونیادنان (سوننەکان)، بەمەبەستی کڕینی وەزارەتەکان بە پارەیەکی زۆر و بەپشتیوانی دەرەکی”.
سەدر راشیگەیاندبوو “یان بەردەوامبین لەسەر ئەوەی رێککەوتووین، یاخود هەموو دەستکەوتەکان بۆ خۆتان ببەن و بەوشێوەی چۆنتان دەوێت و لەبەرچاوی گەل، یاخود هەوڵی چاکسازیکردن بدەین… هەروەک بەڵێنیشتان دابوو، موجامەلە لەسەر حیسابی نیشتمان ناکەیت. هاوپەیمانیم لەگەڵ تۆ کردووە نەک گەندەڵکار و میلیشیاچییەکان، گومانوایە کە تۆ لەسەر پەیمانەکەت ماوی، بۆئەوەی بەرگری و حەشدی شەعبی یەک دەستبن بۆ رزگارکردنی ئەوەی ماوە لە عێراق و گەلەکەی”.