نوچەنێت
رێبەری رەوتی سەدر، دوای ئەوەی سەرۆکى بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، حەوت ملیار دینار لە بانکی ناوەندی تەڕبووە و خراپ بووە، داوای دەستگیرکردنی بەرپرسەکانی ئەو رووداوە دەکات.
موقته‌دا سه‌در، رێبەری ره‌وتی سه‌در له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی توویته‌ر، پەیامێکی بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگەیاندووە “حەوت ملیار دینار تەنیا خاڵێکە لە دەریای گەندەڵی و گەندەڵکاران. بیانووەکانیان رەوا نییە و مانەوەشیان تەنیا ژمارەیە. ئەگەر؛ گەل ریسوایان بکات و لەسەر گەندەڵی گلەییان لێ بکات، منیش داوا لە دادگا دەکەم لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات و فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەربکات، هەروەها دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ خۆیان و هاوشێوەکانیان و خانەوادە بەناوبانگەکان بکرێت، کە بە گەندەڵی و چەپەڵی و دەستدرێژیکردنە سەر قووتی خەڵک بە ناحەق بەناوبانگن”.
عەلی عەللاق، سەرۆکى بانکی ناوەندی عێراق، پێشتر رایگەیاند “حەوت ملیار دینار لە بانکی ناوەندی عێراق تەڕبووە، بەوهۆیەشەوە خراپ بووە”.
هەر له‌مباره‌یه‌وه بانكی ناوه‌ندی عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، باس له‌وه ده‌كات كه رووداوه‌كه له ساڵی ٢٠١٣دا روویداوە، له سه‌رده‌می عه‌بدولباست توركی، كه ئەوکاتە پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بووه و هاوكات سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی‌ش بووه.
له روونكردنه‌وه‌کەشدا هاتووه “یه‌كێك له ئه‌ركه یاساییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی، گۆڕینی نه‌ختینه تێكچووه‌كانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به پرۆسه‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌دراوی خۆماڵی و سه‌قامگیربوونی به‌هاكه‌ی بكات. تێچووی گۆڕینەوەی پاره كۆنه‌كان به‌پاره‌ی نوێ ته‌نیا ده‌ستحه‌قی چاپكردنی پێویسته، كه به‌هاكه‌ی هه‌رگیز ناكاته حەوت ملیار دینار. ئه‌و بڕه پاره ته‌ڕبووه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌ڕیش نه‌بووایه هه‌ر ده‌بوو له‌نێوبچێت و به‌پاره‌ی نوێ ئاڵوگۆڕ بكرێت، چونكه واده‌ی به‌كارهێنانی كۆتایی هاتبوو”.