نوچەنێت-ئاژانسەکان
دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سەر خاکی سوریا دەکات.
جەیمز فری، نێردەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سوریا دەڵێت: ئیدارەی ئەمریکا هیوادارە، کە شەڕ لە دژی داعش بە سەرکردایەتی واشنتۆن، بە هەمان ئاراستەی پێشوو بەردەوام بێت و لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بە شەڕ لە بەشی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بێت.
ئەم دیپلۆماتکارە ئەمریکیە دەشڵێت، هێزەکانی ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لە تێکشكان و شکستە بەردەوامەکانی داعش لە سەر خاکی سوریا دەمێننەوە.
سەبارەت بە مەترسی و هەڕەشەی هێزەکانی ئێران، فری دەڵێت “ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەری یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕی لە سوریا، خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی ئێرانە لە سەر خاکی ئەم وڵاتە، چون ئامادەبوونی ئێران ئێستاش هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا هەژماردەکرێت”.