نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەناردەکردنی نەوت.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٣-١١-٢٠١٨، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
عادل عەبدولمەهەدی، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند: پەیوەندییەکی ئەرێنییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت.
عادل عەبدولمەهدی گوتی “بەدڵنییایەوە پرسی دووبارە کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری نەوتدا بابەتێکە خراوەتەڕوو، لەلایەن حکومەتی پێشوو خرابووەڕوو. ئێمەش ئێستا هەوڵدەدەین بگەینە شێوەیەکی دروست، پەیوەندییەکی باش و دروست لەنێوان هەردوولا هەیە و هاوکاردەبێت و لە بەرژەوەندی هەموو لایەک و گەلی عێراق دەبێت، ئەوە کارێکە هەوڵی بۆ دەدەین و دەخوازین و بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دیارینەکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە پڕۆژەیاسای بودجە، عەبدولمەهدی گوتی “بابەتەکە خراونەتەڕوو، یەکەم ئەو لیژنەی پێکهێنراوە نوێنەرایەتی هەموو پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ئەمانە بەشێکن لەو لیژنەیەی دەچنە پەرلەمان، زنجیرەیەکی زۆر تێبینی پێشکەشکراون و وەرگیراون، بەشێکیان زۆر گرنگن و بەشێکیان لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر کرا. ئێمە تیمێکی زۆر بچووکمان پێکهێناوە لە گەورە بەرپرسان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم بابەتە (پرسی بودجە)، بۆئەوەی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو ئەو شاندە بچنە پەرلەمان، بۆچوونەکانیان زیاتر روونترە لە بۆچوونەکانی رابردوو، دوای ئەوەی گوێـمان لە پەرلەمانتاران گرت”.
لەبەشێکی دیکە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، عادل عەبدولمەهدی، باسی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی کرد و گوتی “لە ماوەی کەمی داهاتوودا پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی وەزارەی تەواودەبێت”. ئەوەش لەکاتێکدایە هێشتا پەرلەمان دەنگی لەسەر هەشت وەزیری کابینەکەی حکومەت نەداوە.
عادل عەبدولمەهدی باسی لە توندووتۆڵی سنووری عێراقی لەگەڵ سوریا کرد و گوتی، هێزە هاوبەشەکان کۆنترۆڵی سنووریان لەگەڵ سوریا کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بەدەستنەگەیشتووە، ئەو پرسەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە.