نوچەنێت
پیلانی تیرۆرکردنی شازادەی جێنشینی سعودیە ئاشکرا کرا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسریش دەقی دانپێدانانی ئەو چەکدارانەی داوەتە بەرپرسانی باڵای سعودیە.
رۆژنامەی (ئەلفەجر)ی میسری چاپی سعودیی لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، گرپێکی چەکداری توندڕەو، کە ژمارەیان ٢٠ کەس بووە و سعودی و میسری بوون، لە نیمچە دوورگەی سینا لە میسر، پیلانی هێرشکردنە سەر سعودیایان دانابوو.
ئەو گروپە، لەلایەن هەواڵگری میسرییەوە ئاشکرا کراوە و ئاسایشی ئەو وڵاتە بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی سعودیە، دەستگیری کردوون.
بەگوێرەی رۆژنامەیە، گروپە تیرۆریستییەکە پیلانیان دانابوو، ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی بکوژن و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەش لەناو لیستی ئەو کەسانەدا بووە، کە گروپە تیرۆریستییەکە پیلانیان بۆ کوشتنیان داناوە. هەروەها لیوا عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسریش لە سەردانی بۆ سعودیە، دەقی دانپێدانانی ئەو چەکدارانەی داوەتە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.