نوچەنێت
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوای وەستاندنی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە لە باشووری رۆژهەڵاتی دێرەزوورلە دژی داعش، دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند.
دوایین قۆناغی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە ١٠-٩-٢٠١٨ لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە دەستیپێکردبوو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شەڕڤانان تاوەکو نزیک شارۆچکەی هەجین پێشڕەویانکردووە کە بە قەڵای داعش ناسراوە. لە میحوەری باخۆزیش بەهەمانشێوە داعش زیانی بەرکەوتووە. بەڵام هەسەدە وەک کاردانەوە بەرامبەر بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئۆپەراسیۆنی دێرەزووری راگرت، داواشی لە هاوپەیمانان کرد هەڵوێستی لەو بارەوە هەبێت.
رۆژی یەکشەممە ١١-١١-٢٠١٨، هەسەدە رایانگەیاند “دوای ئەوەی لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کۆبانێ و گرێسپی ئەنجامیاندەدات ئۆپەراسیۆنی دێرەزوورمان لە دژی داعش وەستاند. لە ئەنجامی پەیوەندییەکانی فەرماندەی گشتی هێزەکانمان و فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بڕیاردرا بە سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکە”.
هەسەدە راشیگەیاندووە “جیا لە شەڕی دژی داعش، هەسەدە سنووری نێودەوڵەتی باکووری سووریا دەپارێزێت و ئاشتی نێوخۆیی بۆ هەموو پێکهاتەکان مسۆگەردەکات”. ئاماژەی بەوەشکردووە “جارێکی دیکە پێداگری لەسەر چارەسەری کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ دەکەنەوە”.