نوچەنێت-نەوزاد عەلی
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا دەنگدان لەسەر وەزیرەکانی حکومەتی نوێی عێراق، لەبەرنامەی کاری پەرلەماندا نییە و رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
ڕۆژی ٢٤-١٠-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق متمانەی دابە ١٤ وەزیری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، دواتریش عادل عەبدولمەهدی، وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکوەزیرانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق، بەهۆی یەکلایی نەبوونەوەی پۆستەکانیش، تا ئێستا هەشت وەزارەت ماوە لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دانا محەمەد جەزا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دیاریکردنی وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، رایگەیاند “رۆژی دووشەممە ١٢-١١-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، بڕیارە یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش دەنگدان بێت، لەسەر ئەو هەشت وەزیرەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، کە مابوو دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی سبەینێوە”.
دانای شەهید جەزا، دەڵێت “تا ئێستا رێککەوتنێکی تەواو نەکراوە لەسەر پۆستی ئەو وەزارەتانەی کەماوون دەنگیان لەسەر بدرێت، بەتایبەت پۆستی وازارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ. هەروەها هەندێکیش لە پۆستەکان بۆ کورد بە تەواوی یەکلا نەبوونەتەوە”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی “پێناچێت لەم هەفتەیەدا دەنگدان لەسەر وەزیرەکان بکرێت، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، ڕەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتووە”.