نوچەنێت-ئیتارتاس
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە بەیانێکدا دەڵێت، واشنتۆن بە رێگەی پشتیوانی راستەوخۆی لە هاوپەیمانی ئیسلامی-عەرەبی، کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات، هیچ پلانێکی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە یەمەن نییە.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا جەختیش دەکاتەوە، قووڵتربوونەوەی قەیرانی یەمەن، راستی و دروستی لێدوانی ئەمریکیەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا داوای لە هەموو لایەنەکانی شەڕی یەمەن کردووە، لە ماوەی یەک مانگدا، دەست لە شەڕ هەڵبگرن و بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان، پرۆسەی گفتوگۆ دەست پێبکەن.
بەیانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئەوەش دەخاتەڕوو: هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەمریکا نیازی گۆڕینی سیاسەتی خۆی لە بارەی یەمەنەوە نییە و لایەنەکانی ئەم شەڕەش جەخت لە سەر هێز و توانای سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەکەن.