نوچەنێت
ئەمڕۆ سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری بە گشتی، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و هاوتەریبی پەرلەمان و حکومەت کارەکانی بە سەربەخۆیی ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ (شەممە ١٠-١١-٢٠١٨)، حاکم شێخ لەتیف، سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەنجومەنی دادوەری راگەیاند و هۆکارەکەی بۆ بە مەڵبەندبوونی دادگا گەڕاندەوە.
حاکم شێخ لەتیف ئاماژەی بەوە کرد ”دادگاکانی کوردستان بوونەتە درێژکراوەی لق و مەڵبەندەکان، بۆیە دەست لەکار دەکێشمەوە“. ڕەخنەی ئەوەشی گرت، کە دەسەڵاتی دادوەری ”ڕۆژ بە ڕۆژ دەبێتە پاشکۆی حزب و حکوومەت“، لە کاتێکدا ”ئەگەر سەربەخۆ بێت، دەبێتە چەترێک بۆ هەمووان، چونکە دەسەڵاتی دادوەری ھی خەڵک و حکوومەتە و بێلایەنە“.
حاکم شێخ لەتیف، جگە لە کارکردنی وەکوو دادوەر لە هەرێمی کوردستان، کاری سیاسیش ئەنجام دەدات و پێشتر پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە.
