برا گەورەی یەکێتی: ھەولێر لانکەی خەباتو دووبارە بەخشینەوەی گڕوتینە بە کوردستانیانو پێشمەرگە قارەمانەکان
نوچەنێت
جێگری سەرۆکی کوردستان و براگەورەی یەکێتی، لەیادی راپەڕینی شاری هەولێردا، پیرۆزبایی لەخەڵکی هەولێر وکوردستان دەکات، رایدەگەیەنێت” ئەگەر رانیە دەروازەی راپەڕینو سلێمانی سیمبولی راپەڕین بێت، ئەوا ھەولێری پایتەختو میواندۆست لانکەی خەباتو دووبارە بەخشینەوەی گڕوتینە بە کوردستانیانو پێشمەرگە قارەمانەکان”
دەقی پیرۆزباییەکەی جێگری سەرۆکی کوردستان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٢ ساڵ بەسەر راپەڕینە جەماوەریو مێژووییەکەی خەڵکی شۆڕشگێڕو بەشەرەفی قەڵاو منارە، لە ناخی دڵمەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان بەگشتیو ھەولێریانی قەڵاو منارەو میواندۆست بە تایبەتی دەکەم.
ئەوی رۆژێ خەڵکی ھەولێر بە پاڵپشتیو پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەو شانە چەکدارەکان وەک ھەمیشە ئازاو دلێرانە ھاتنە مەیدانو راپەڕین.
لە مێژووی ٨ ھەزار ساڵەی قەڵاوە تا ئەمڕۆ دەگات ھەولێریانی پایتەختی کوردستانو ئازادی دۆستو ئازادی ویست ھەموو خەباتێکیان کرد بۆ ئازادیو سڵیان نەکردەوە لە دوژمنانو ترساندنو تۆقاندن.
ئەگەر رانیە دەروازەی راپەڕینو سلێمانی سیمبولی راپەڕین بێت، ئەوا ھەولێری پایتەختو میواندۆست لانکەی خەباتو دووبارە بەخشینەوەی گڕوتینە بە کوردستانیانو پێشمەرگە قارەمانەکان.
لەم یادە پیرۆزەدا وێڕای پیرۆزکردنی ئەم یادە قەشەنگە، سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی کوردستان بەگشتیو شەھیدانی راپەڕینو رێگای رزگاری بە تایبەتی دادەنوێنمو ئومێدەوارم راپەڕین ببێتە ھەوێنی یەکڕیزیو یەکێتی گەلی کوردمانو با یادی راپەڕینی کوردستانیان لە پایتەختە شیرینەکەمان ھەوێنی ئازادیو سەرفرازیو یەکڕیزیو یەکێتی نەتەوەیی بێت بۆ سەرجەم کوردستانیان.
دووبارە بەرزو پیرۆزبێت یادی راپەڕینی ھەولێریانی خۆشەویست.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان