نوچەنێت-سپۆتنیک
«ثامر الغضبان»، وەزیری نەوتی عێراق جەخت دەکاتەوە، نرخی ئێستای نەوتی خاو، نرخێکی عادلانەیە و عێراق وەک دووەمین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک، بە گوێڕەی بەرپرسیارێتی خۆی سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیەکانی بازاڕی نەوت هەڵسوکەوت دەکات.
وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت: پێشوازی لە کۆمپانیاکانی بیانی تایبەت بە کەرتی وزە دەکەین و هەموو هەوڵی خۆمان بۆ جێگیربوونی بازاڕی نەوت دەدەین.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کۆبونەوەی داهاتووی ئۆپێک، کە بڕیارە لە مانگی دیسەمبەری داهاتوو بەڕێوە بچێت، «ثامر الغضبان»دەڵێت: نرخی نەوت لە ئێستادا عادلانەیە، بە پلەی یەکەم ئەوەی بە لامانەوە گرنگە، بەرژەوەندیەکانی عێراقە.
نەوت گرنگترین سەرچاوەی داهاتی عێراقە. ئەم وڵاتە لە هەوڵدایە، تا ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی بەرهەمهێنانەی رۆژانەی خۆی بگەیێنێتە ٧ ملیۆن بەرمیل.
عێراق لە دوای سعودیە گەروەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک هەژمار دەکرێ و لە ئێستادا رۆژانە ٤.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکان دەکات.