نوچەنێت: تایبەت
ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٣٠-١٠-٢٠١٨، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران لەو وڵاتە ئاشکرا کرد و باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە. چالاکوانێکی سیاسیش دەڵێت “سێ وڵاتی ئەوروپی جەخت دەکەنەوە، کە دەزگای سیخوڕی ئێران لە وڵاتەکانیان دا چالاکە، بەڵام بەرژەوەندیخوازی پەیڕەو دەکەن”.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٣٠-١٠-٢٠١٨، ئەندرس ساموئلسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، پاش پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران لەو وڵاتە، باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە و رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە کاردانەوە بەو هەوڵەی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشیکی تیرۆریستی، لە هەوڵی ئەوە دایە، تاکو یەکێتی ئەوروپا بە قەناعەت بگەیێنێت گەمارۆ نوێ لەدژی تاران بگرێتەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١-١٠-٢٠١٨، وەزیرانی دەروەی چوار وڵات سوید، نەرویج و فینلەندا و ئاسلەندا، بە دەرکردنی راگەیەندراوێکی هاوبەش، پشتیوانی خۆیان لە حکومەتی دانیمارک راگەیاند و تیرۆری جیهانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ئیدانەکرد.
٥٠٠ کیلۆ ماددەی تەقەمەنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی
رۆژی ٣-٧-٢٠١٨، داواکاری گشتی بەلجیکا رایگەیاند، کە ئەو دوو کەسە دەستگیرکراوە هەوڵیان داوە تەقینەوەیەک لە نزیک کۆنگرەیەکی موجاهیدینی خەلقی ئێرانی لە پاریس، ئەنجام بدەن.
ئەسەدوڵڵا ئەسەدیی تەمەن ٤٦ ساڵ، دیپلۆماتکارێکی ئێرانییە و لە نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە نەمسا کاری کردووە و لە ئەڵمانیا بەتۆمەتی هاوکاریکردنی تیرۆر، دەستگیر کراوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی پەیوەندیی لەگەڵ ژن و پیاوێکی ئێرانی بە ناوەکانی ئەمیر و (ن.)ـەوە هەبووە، کە بە ٥٠٠ کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنییەوە لە بەلجیکا دەستگیر کرابوون.
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بواری تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا، ناوی ئێران وەك پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی هێنراوە. راپۆرتەكە ئێرانی بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەكە و ئاژاوەنانەوە مەحكوم كردووە.
بە پشتیوانیكەری سەرەكی تیرۆریزم ناسراوە
لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٩ەوە، کە حزبی كۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئێرانی بەدەستەوە گرت، بۆ پاراستنی خۆی لە هەر جۆرە گوشارێكی ناوخۆیی و دەرەكی و چەسپاندنی ئەو بەرنامانەی خۆی مەبەستی بووە، هانای بۆ سەركوت و تیرۆر بردووە. ئەو رژێمە تەنیا لە ناوخۆ خەڵكی نەیاری خۆی نەكوشتووە، بەڵكو لە وڵاتانی دەرەوە و تەنانەت لەو وڵاتانەش كە بە مەڵبەندی ئاشتی و ئارامیی دنیا ناسراون، پیلانە تیرۆریستییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، كۆمەڵێك رێكخراوی دامەزراندووە، كە خەریكی كاری تیرۆریستین. لەوانە حزبوڵای لبنان، حزبوڵای حیجاز، دەیان گروپ و رێكخراوی تر، كە بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنكەیان دامەزراندووە. لە عێراق و سوریا دەیان گروپی دروست كردووە، كە بەشی زۆریان خەریكی تێكدان و ئاژاوە و كاری تیرۆریستین. هەروەها راستەوخۆ پشتیوانی لەو رێكخراوانە كردووە، كە لە جیهاندا بە تیرۆریست ناسراون، ئەو رژێمە لە ساڵی ٢٠٠١ پشتیوانی لە كردەوەكانی ئەلقاعیدە كرد و كۆمەڵێك لە سەركردەكانی ئەو رێكخراوە مەترسیدارەی لای خۆی داڵدە داوە.
تیرۆری سەرکردەکانی کورد لە وڵاتانی ئەوروپی
– ساڵی ١٩٩١ شاهپور بەختیار، دوایین سەرۆك وەزیرانی ئێرانی تیرۆر كرد. لەو هێرشەی، كە لە پاریس ئەنجام درا.
– ساڵی ١٩٩٢ لە بەرلینی ئەڵمانیا، “دكتۆر سادق شەرەفكەندی” سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سێ كەس لە هاوڕێیانی ئەو، بە ناوەكانی فەتاح عەبدولی، همایون ئەردەڵان و نووری دێهكۆردی تیرۆر كرد. ئەوكات دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا حوكمی گرتنی عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێرانی دا، كە داڕێژەری سەرەكی هێرشە تیرۆریستییەكە بوو.
– لە ساڵی ١٩٨٣ لە لایەن حزبوڵڵای سەر بە ئێرانەوە، لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە لوبنان تەقینەوە كرا، كە بەهۆیەوە ٦٣ كەس گیانیان لە دەست دا.
-لە ساڵی ١٩٨٣، كەسێك بە ناوی ئیسماعیل عەسكەری، ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشێكی خۆكوژیدا لە ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریكا لە بەیرووت، ٢٤١ كەسی كوشت و ١٠٠ كەسی تری بریندار كرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. جەعفەر حامیدی، چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبارەی پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆرستی ئێران لە ئەوروپا رایگەیاند: رۆژی ٢١ـی مانگی ئۆکتۆبەر، ئێرانییەکی دانیشتووی وڵاتی نەرویج بە گومانی کاری تێرۆریستی لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید گیراوە؛ ئەو کەسە تا رۆژی ٨ی مانگی نوڤەمبەر لە وڵاتی دانمارک لە زیندان دادەبێ و ھیچ کام لەو سێ وڵاتە رەتی ناکەنەوە، کە ئەو کەسە ئەرکی سیخوڕی لە لایەن ئێرانەوە پێسپێردراوە. ھەروەھا ھەر سێ وڵات جەخت دەکەنەوە، کە دەزگای سیخوڕی ئێران لە وڵاتەکانیان دا چالاکە.
جەعفەر حامیدی دەشڵێت “سەرۆکی راستەکان، کە سەرۆکوەزیرانی نۆڕوێژیشە، دەڵێ ئەو جۆرە سیخوڕییانە بۆ ئێمە قابیلی قبوڵ نییە. هەروەها هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکانی نەرویج، سوید و دانیمارک، لە سەر ئەوە کۆکن، کە کەسی گیراو بە شوێن کاری تێرۆریستییەوە بووە لە دانمارک. بەڵام لە بەر ئەوە لە لایەن سیاسییەکانیانەوە دەست بە دەمیاندا گیراوە حازر نین ھیچ زانیارییەک بدرکێنن”.
چالاکوانە سیاسییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، کە ماوەیەک پێش ئێستا ھەواڵی لەو چەشنە لە وڵاتەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا بڵاوبووە. بەو شێوەیە لانی کەم ٦ وڵاتی ئەوروپایی جەخت دەکەنەوە، کە سیخوڕ و تێرۆریستی ئێران لە وڵاتەکانیاندا چالاکن؛ ئێستا کە وایە و بۆخۆیان دەیسەلمێنن، کە ئێران کاری تێرۆریستی دەکات”.
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەوروپا ھیچ ھەنگاوێک دژی ئەو کردەوەیەی ئێران ھەڵناگرن، حامیدی گوتی “ئەو سیاسەتەی ئەوروپا درێژەی ئەو بەرژەوەندیخوازیەیە، کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە لە ھەمبەر ئێران پەیڕەوی لێدەکەن”.
ئەنجام:
ئێران وڵاتێک نییە، لەسەر دەسەڵاتی جێگیر و خاوەن جەماوەر و مەشروع بونیاد نرابێت، بەڵکو خاوەن هێزێکی سەرکوتکەری ئایدۆلۆژیکی شیعە مەزهەبە، کە دروستکردنی کێشە و دەستوەردان لە وڵاتانی دیکە توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی تا ئێستا لە ناوچەکە بپارێزێ.
پیلانگێڕان و هەوڵی تیرۆرکردن، لە حکومەت و کاربەدەستانی ئێران، لەم چەند رۆژەی دوایی نوێ نییە و وەک پەلەقاژەیەک دەبینرێ بۆ فشار دروستکردن لەسەر جوڵانەوە ناوخۆییەکان و یەکێتی ئەوروپا لەسەر گەمارۆکان. بەڵام پێناچێ لە هیچیان سەرکەوتوو ببێ، بەهۆی جددی بوونی ئەمریکا بە تایبەت دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر سزادانی ئێران بەوەی یان تەسلیم بێ یان بەتەواوەتی گۆشەگیری بکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی رووخانی ئەو وڵاتە (سیستەمی سیاسی ئێران).
ئارامی ئێستای ئێران “ئارامی پێش باهۆزە”، دۆخی ئێستای ئێران ئەو ئارامییەی لە دنیای دەرەوەی لێی دیارە، رێک هەردەم لەبەردەم ئاڵوگؤڕێکی مەترسیداردایە لە ناوچەکە، هەرچەند ئەمریکا بە هۆی گەمارۆی ئابووری توانیویەتی، بە فشاری ئابووری تا ئەندازەیەک پاشەکشە بە سەرەڕۆیەکانی ئێران بکات و پەرە بە کێشەنێوخۆییەکانی لێ قیت بکاتەوە، وەک شارەزایانی سیاسی باسی دەکەن، پێ دەچێ ئێران لە دواساتەکانی تەمەنی توند ئاژۆیی و دەسەڵاتیدا بێ.