نوچە-ئاژانسەکان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە پێش بینی دابەزینی گەشەی ئابوری ئێران، ئەم دابەزینە بۆ بڕیار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و بە فێرۆدانی سەرمایەی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی سنورەکان، دەگەڕێنێتەوە.
مایک پەمپیۆ، لە نوێترین پەیامی تویتەری خۆیدا نوسیویەتی، سندوقی نێودەوڵەتی دراو پێش بینی کردووە کە گەشەی ئابوری ئێران لە ساڵی داهاتوو بە رێژەی ٣.٦ دادەبەزێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، کاتێک رژێمی دەسەڵاتدار دزی لە خەڵکی خۆی دەکات و لە بری پێکهێنانی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان، سەرمایەکانی وڵات دەخاتە بەردەست رژێمی بەشار ئەسەد، ئابوری وڵات بەرەو داڕوخان دەبات.
بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام لەبارەی بەفیڕۆدانی سەرمایەکانی ئێران هۆشداری دەدەن.
مایک پەمپیۆ، سێ هەفتە بەر لە ئێستا لە تویتێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلاری بۆ مانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانی لە گروپە میلیشیاییەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە سوریا، عێراق و یەمەن تەرخان کردووە