نوچە-یۆرۆ نیوز
تەنها چەند رۆژێک ماوە بۆ دەستپێکی گەمارۆکانی واشنتۆن بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران، هەردوو- وڵاتی چین و هیند رایانگەیاندووە، لە کڕینی نەوتی ئێران بەردەوام دەبن. هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سەرچاوەیەک کە ببێتە جێگرەوە بۆ نەوتی ئێران دەگەڕێننەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەم هەواڵەی لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری لە گەمارۆکانی ئەمریکا گواستووەتەوە.سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە تورکیاش هەڵوێستێکی هاوشێوەی دەبێت.
ئەم بڕیارەی چین و هیند، وێڕای نیگەرانی وڵاتانی جیهان لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بەو ئەنجامە گەیاندووە، کە بیر لە رێککەوتنی دوو لایەنە لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان بکاتەوە. واتا ئەم وڵاتانە شـولی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نەکەن و لە لایەن واشنتۆنەوە سزا نەدرێن.
لە ئیدارەی ترەمپ دوو بۆچوون سەبارەت بە گەمارۆکانی سەر ئێران هەیە، بۆچووونی یەکەم کە جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هەڵگریەتی و پێی وایە کە دەبێ سەخترین و توندترین گەمارۆکان لە دژی ئێران بگیرێتە بەر و رێژەی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بگەیێننە سفر.
بۆچوونی دووەم، ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوان پێیان وایە کە دەبێ گەمارۆکان بە جۆرێک ئیدارە بدرێت کە نەبێتە هۆی تەقینەوەی نرخی نەوت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رەنگە زیان بە خودی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بگەیەنێت.