نوچەنێت
پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق نێردراوە بۆ پەرلەمان پەسەند بکرێ، بەشی کوردستان وەک ساڵی رابردوو کەمکراوەتەوە. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت “هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو پڕۆژەیاسایە بگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری تێیدا”.
پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان پەسەند بکرێ، بەشی کوردستان ١٢.٦٧%ـەوە، وەک ساڵی رابردوو کەمکراوەتەوە و بەشی موچە و، خەرجی خەڵک و حکومەت ناکات.
بەهۆی بوونی تێبینی زۆری کورد لەسەر پرۆژە بودجەی چەند ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردییەکان چەند جارێک بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کرد، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لە پەرلەمان پرۆژەی بودجە پەسند دەکرا، هەرچەندە ئەمساڵیش کورد تێبینی هەن، بەڵام پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاساکە پەسندبکرێت.
لە لێدوانیكی تایبەت بە نوچەنێت، بەیار تاهیر دۆسکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پاتی، لەبارەی ناردنی بودجەی ٢٠١٩ بۆ پەرلەمان رایگەیاند: لیژنەی موازنە هەیە و فراکسیۆنە کوردییەکان و لەگەڵ ئەوەشدا فراکسیۆنی ئێمە، تێبینی خۆمان دەدەینە لیژنەکە و هەوڵدەدەین جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران.
بەریار تاهیر دۆسکی تێبینییەکانی خستەروو لە پڕۆژەیاسای بودجە و گوتی “پێویستە لە گەڵ حساباتی کۆتایی ٢٠١٨ دا بێت، ئەگەر ئەوەش نەکرا هەوڵ دەدەین بەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکرێت. چوونکە دەبێ پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێتەوە، ناوی هەڵەبجە وەک پارێزگا بهێنرێت، بەشە بودجەی پێشمەرگە دیاری بکرێت و هەروەها بودجەی سیادی (سێ سەرۆکایەتییەکە) زۆر زیادکراوە و دەبێ کەم بکرێتەوە.