بەگژا چونەوە
ئارام ئەحمەد/ هۆڵەند
بۆ ئەوەی دژی شەرەنگێزی بیت،هەوڵ بدە هەمیشە ئازاد بیت،یاخی بە،باجەکەیشی بەگیان و ژیانت بدە،ئاوا نەبێ هەرگیز جوان نابی،تۆ کە هەر ئازار دەچێژی کەواتە ترست لە چییە؟،وا بزانە ئەم سەرزەمینە هی تۆیەو تیژڕەوترین ئەسپت پێیە،تا دەگلێی بڕۆ،ئەگەریش ئەمە نەکەی ڕۆژێ دادێ هەر دەگلێی،دەزانم ژیان بەنرخە، ئەرکی من وتۆیە،لە پێناوی ئەوەدا نەهێڵین بێنرخی کەن یاخی بین،ئازادیش هەر ئەمەیە،ئەوەیە چیم دەوێ بێسڵەمینەوە بیڵێم.
من وەک کامۆ دەڵێت،”یاخیبوویەکم دەمەوێت بمرم”،چونکە بە ئاگری ئارەزوەکانی ژیانێک سوتاوم خۆم هەڵم نەبژاردوە،پرسیار دەکەم و وەڵام دەدەم،هەرگیز پێم وانەبوە لەسەر هەقم،گرنگ ئەمە نییە،ئەوەی گرنگە ستەمکاری گۆشەگیر بکەی تا نەمان.
بەهەموو حەرامەکاندا بڕۆ،کە زۆربەیان زووی زوەکان حەرام نەبوون،مرۆڤ هاتوو حەرامی کردن،من نامەوێ بەگوێی کەس بکەم،خۆم کتێبێکم خۆم دەخوێنمەوە، نوسینێکم هەمیشە خۆم دەنووسمەوە،خۆم یاری لەگەڵ خۆم دەکەم و زۆر جاران پەژارەکانی ژیان،لەگەڵ خودی خۆم ئەمدا بەشەڕ،من نامەوێ خوداوەند بکوژم،هیچ کێشەیەکم لەگەڵی نییە،دەمەوێ ئەو کەسانە بکوژم کە ئەم ئیدعایانەیان هەیەو لە کاڵفامی خۆیان پێخوداوەندە.
کێ دەڵێت ڕەدکرنەوەی هەرشت،جۆرێکە لە شێتی؟با وایدابنێن ڕاستە،بەڵام خەوشەکانی شێتی کامانەن؟کێن ئەوانەی خۆیان بە ئاقڵ دەزانن و شێتەکانیش بە شێت،لە حاڵێیکدا شێتەکان ژیان جوان دەکەن و ئاقڵەکان لا خۆی،هەر ناشیرینی دەکەن،ڕەدکرنەوەی مەرگیش حەقیقەتێکە،خۆ دەزانم پێی ناوێری،دیسان ئەمە گرنگ نییە،ئەونەی ڕەدکردنەوەکە مانادارە.
دیسان کامۆ دەڵێت”ململانێ لەگەڵ مەرگ واتە داواکردنی ماناکانی ژیان”، کامۆ پێمان ناڵێت ماناکانی ژیان کە داواکراو هاتە بوون،چۆن مومارەسەی بکەین و کێ بیکات؟ با واوەتر لە کامۆ بڕۆین،تێکۆشان تەنها لە پێناوی”تەنهایدا” ئازاربەخشە یان چێژ هاوەر؟ ئایە ناتوانین یاخی بین وبە کۆمەڵیش بژین؟بەتەنها یاخی بین و بەگژ مەوجودیەتەکاندا بچینەوە.
قەد ناتوانین ژیان ڕازی بکەین،خەیاڵیشە پێمان وابێت ژیان دەتوانێت ڕازیمان بکات،ئێمەو سروشت لە بنەڕەتڕا دوانەیەکی دژی بەیەکین،لەگەڵ ژیانیش هەروا، بەم پێیە ململانێکە لەگەڵ سروشت و لەگەڵ خودماندایە،کە ناومان لێناوە ژیان، ئێستا ئێمە لە دورەدەسترین جێگا ڕاوەستاوین،هەزاران ساڵ دوورین لەم کێبەرکێیە،نە هیچمان کۆنترۆڵ کردوە نە خۆمان،دەرگیری ململانێیەکی سەرەتایی بەینی یەکین،ئاخۆ کەی بەکۆتاییەکانی خۆی دەگات،چەندەهەڵبێین،وەک هەڵهاتنی ناو جێگا وایە لەشیرینترین خەودا،بۆ هەر کوێیەک بچیت،ستەمکاری بەدوادا دێت، کەواتە هەموو شتێک ڕەدکەرەوە،کە ڕەدیشی نەکەیتەوە هەر هیچی،مانادان بە ژیان و ململانێکان،ڕەدکردنەوەو بە گژا چوونە،هەر کەسێک ڕێسایەکی داناوە دەڵێ من پیرۆز، ئەوخەتانە مەپەڕێنە دام ڕشتوە،دەنا دەسڕێیتەوە،تۆیەک کە بێ پرسی من خەت دادەڕێژیت،ئەرکی من بێپرس سڕینەوەیە.