عادل عەبدولمەهدی ئەم بەڵێنەی بە عێراقییەکانداوە

0

نوچەنێت-نەوزاد عەلی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە فراکسیۆنەکەیان لەبەغدا بەوردی چاو دێری کارەکانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٤-١٠-٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق متمانەی دابە ١٤ وەزیری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ، دواتریش عادل عەبدولمەهدی، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق سوێندی دەستووری خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکوەزیرانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق، کۆبوونەوەی پەرلەمانیش دواخرا بۆ ٦-١١-٢٠١٨.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە بەرنامەی کاری کابینەکەی عادل عەبدول مەهدی، رایگەیاند “ئەو بەرنامەیەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ١٢٠ لاپەڕە پێکهاتووە و تاڕادەیەک بەرنامەیەکی باشە، تیایدا ئاماژە بەچارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، بەڵام لەسەدا سەد لەئاستی داواکارییەکانی کورد و عێراقییەکان نابێت”.

هەروەها دەڵێت “لەبەرنامەکەدا باس لە ماددەی ١٤٠، پرسی پێشمەرگە، پرسی نەوت و غاز، کێشەکانی کەرکوک و کۆی کێشەکانی عێراق کراوە، کاری لەسەر بکات، بەڵێ نیشیداوە، کە لە بەسراوە تاکو زاخۆ خزمەتی عێراق بکات بۆئەوەش ١٠٠ ڕۆژی بۆ خۆی داناوە”.

دووبەردانی گوتیشی “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەو لیژنەیە دەبین، کە چاودێری بەرنامەی کارەکانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات، دوای ئەو ١٠٠ ڕۆژە دەردەکەوێت، کە حکومەتی نوێ لە ئاست بەڵێنەکانی دەبێت یاخود نا، بڕیاری ئێمەش دەمێنێتەوە سەر ڕووداوەکانی ئەوکاتە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com