نوچەنێت
رۆژی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا پرۆژەبڕیارێکی سزادانی واژۆ کرد، کە تایبەتن بە حزبوڵڵا و ئەوانەی بەشێکن لە سەرچاوە داراییەکانی و چەکی بۆ دابین دەکەن.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا، کە میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانە، چەندینجار بە راشکاوانە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران پارە و چەکیان بۆ دابین دەکات. ئەگەرچی لە پرۆژەبڕیارەکەدا ناوی هیچ وڵاتێک نەهێندراوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەو سزایانە زۆرتر بۆ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
رۆژی هەینی ٢٦-١٠-٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پرۆژەبڕیاری سزادانی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی واژۆ کرد، کە بەشێکن لە سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵڵا و چەکیشی بۆ دابین دەکەن. هەروەها ئەو سزا نوێیانە رێگریی لە بەهێزبوونی حزبوڵڵا لە رووی چەکدارکردنەوە دەکات و سەرچاوە داراییەکانی ئەو میلیشیایە کۆت و بەند دەکات.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئەو کەس و لایەنە بیانییانە، کە ناویان لە لیستەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوانی رێکخراوەوە هەیە و پەیوەندییان بە حزبوڵڵا-وە هەیە، چیتر ناتوانن ئەو میلیشیایە پارەدار بکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە جگە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەس و لایەن و حکومەتانەی هاوکاریی حزبوڵڵا دەکەن، ئەوانە ناتوانن داوای ڤیزای ئەمریکاش بکەن.