فەرهاد پیرباڵ : بەهلولەکەی دەسەڵاتی کوردی

0

Farhadفەرهاد پیرباڵ : بەهلولەکەی دەسەڵاتی کوردی
محەمەد هەریری

بەهلول کەسایەتیەکی مێژوویی بەناوبانگە  ناوی وەهەب کوڕی عەمرۆیە، لە سەردەمی هاڕون ڕەشید ژیاوە ١٤٨ هیجری بەرامبەر ٧٦٥ میلادی. هەموو دەسەڵاتێکی ئیستیبدادی و تاکڕەو لە مێژوودا بەهلولی خۆی هەبوە ودەیبێ کە کاری بە پێکەنین هێنانی پیاوانی دەسەڵاتە ومکیاژ کردنی ڕوخساری دزێویەتی بۆ شیرین کردنی  لەبەر چاوی خەڵک ولە بیربردنەوەی کارەساتەکانیەتی کە بەسەر ژیان وقەدەری میللەت ونەتەوەی دەهێنیت.

هاڕونە ڕەشید سەرەڕای مشتومڕ دەربارەی شێوازی کەسایەتی  لەنێوان خەلیفەیەکی ستەمکار ودادپەروەردا بەڵام لە ستەمکاری باوەڕ ناکەم شان لەشانی دەسەڵاتی کوردی وخۆماڵی بدات، ئەو ئیمپڕاتۆریەتەی هاڕونەڕەشید دایمەزراند هێندە گەشەکردوو وزانست پەروەر وبەهێز بووئەو کاتە هەموو جیهان  لە ژێر کاریگەری  ئەودا بوون. ‌لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن کاری بەهلول لەو دەوڵەتە   هەر بە پێکەنین هێنانی هاروونە ڕەشید نەبوو، بەڵکو سوک کردنی هەژموونی ئیستبداد بوو ‌لەسەر شانی خەڵک، بەڵکو دەڵێن بەهلول لە ترسی دەسەڵات خۆی بە شێت نیشان دەدا چونکە فەقیهێکی گەورە بوە وپرسیاری فەتوای کوشتنی ئیمام موسای کازمی شیعەکانی لێکردوە لەترسی بەرپرسیارەتی ئەوە خۆی شێت کردوە، بەڵام هەردەم لەبەرەی خەڵک بوە و ڕەخنەی ڕەمزی توندی لە دەسەڵات گرتوە. بۆ نمونە جارێکیان لە ترسی چاودێری سەرۆکی پۆلیسەکانی خەلیفە خۆی دەکات بە دوکانێك بۆ ماسی کڕین، ماسیەک هەڵدەگرێت وتەماشای کلکی ماسیەکە دەکات، سەرۆکی پۆلیسەکانی خەلیفە لەوێ پێی دەڵێت؛ بەهلول خەڵک ماسی بکڕێت لە سەریەوە دەڕوانێت نەک کلکی! ئەویش دەڵێت؛ سەری دەمێکە گەنیوە، گوتم بزانم گەندەڵیەکە گەیشتۆتە کلکی!!!

بەهلولی کوردی لە سەرەتادا بە زمانێکی داشۆڕەوە هاتەوە لە فەرەنسا دەستی کردە ڕەخنەی توند وتیژ لە دەسەڵاتداران، زۆر کەس پێیوا بوو دەبێتە میرابۆی شۆڕشی خەڵک بەسەر دەسەڵاتی سوپەر گەندەڵ. ‌ڕەخنەکانی سەرەڕای وشە بێ پەردە وڕیزپەڕەکانی گوزارشی لە ڕۆحی شۆڕشی فەڕەنسی وفەیلەسوفەکانی ئازادی وەک ژان جاک ڕۆسۆ دەکرد، بەڵام لە بەرامبەر باجەکانی ئازادیخواز بوون، ئەو باجەی کە هەموو ئازادیخوازێک دەیدات  بەرامبەر هەڵوێستەکانی، بەهاری ئازادی فەرهاد پیرباڵ زۆر کورت بوو وەک بەهارە بەستەڵەکەکانی ئەوروپا وئەسکەندەنافیا.

‌کەس داوای لە پیرباڵ نەکردوە ئاڵای شۆڕشی خوێناوی هەڵگرێت، بەڵام  کەسیش چاوەڕوانی ئەوەی لێنەدەکرد لە ئەوپەڕی ڕەخنەگریەوە بچێتە ئەوپەڕی ستایشکەری ئەو دەسەڵاتە کە ڕۆحی نەتەوەیی کوردی وێران وداڕزاندوە بە ڕەفتارە گەندەڵەکانی دوور لە هەموو دڵسۆزیەک بۆ نەتەوە و نیشتیمان ومێژووی خوێناوی دوور ودرێژی ئەو مللەتەی لەوەتی هەیە هەلێکی وا زێڕینی دەست نەکەوتوە بۆ بنیاتنانی خۆیی وپتەوکردنی خەونی هەموو کوردێك لە بەشە جیا جیاکانی کوردستان.

 ‌فەرهاد پیرباڵ بەڕادەیەک چارەنووسی خۆی بەستۆتەوە بەو دەسەڵاتە، لە کاتێکدا دەم بۆ هەموو تابۆ وموقەدەسێک وداب ونەریتێک دەبات کەچی هەتا لە کاتی مەستی وسەرخۆشبونیشیدا ستایش ودروود وسەلام دەنێرێت بۆ  دەسەڵاتداران!!!

‌دیارە دەسەڵاتی کوردیش حەزی لەو ڕۆڵەیە کە پیرباڵ دەیگێڕێت، هەموو دەرگا قفڵدراوەکانی بۆ دەکاتەوە، بە بەردەوامی داوەتی دەکات بۆ کۆڕ وسیمنار وبەرنامەی تەلەفزیۆنی، لەهەمووی خۆشتر  پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ دەکاتەوە وتابلۆکانی بە هەزاران دۆلار دەکڕێتەوە لە ڕێگای  پیاو وژنە تێرەکانی ناو نازونیعمەتی گەندەڵی خۆی!!

‌پێم خۆشە هونەری بەرز بەرز بنرخێنرێت، بەڵام بەشێوەیەکی سروشتی لە رەفتاری گەلەوە هەڵقوڵێت نەك بەشێوەیەکی ساختە ونمایشکارانە، دەبا دەسەڵات لە فەرهاد پیرباڵ ڕازی نەبێت بزانین کێ هەزار دۆلاریش بە تابلۆکانی دەدات نەک پەنجا وشەست هەزار دۆلار؟

بەهلولی عەرەبی وبەهلولی کوردی هەردووکیان خۆیان  شێت کردوە، بەڵام بەهلولی عەرەبی لە دژی ستەم ودەسەڵات وایکردوە، ولە پەنا شێت بووندا دەیان کاری چاکی کردوە لە بەرگری کردن لە خەڵك، لە کاتێکدا بەهلولی کوردی لە ئاست هەموو کارەسات وگەندەڵیەکانی دەسەڵات بێ دەنگە، بەبێ دەنگیش ناوەستێت ستایشیشی دەکات!! ئەو دەسەڵاتە بوو کە فەرهاد پیرباڵ ڕەخنەی توندی لێدەگرت هێشتا نیوەی گەندەڵیەکانی دەرنەکەوتبوون، دەبێت ئەو دەسەڵاتە کەڕە گوێی لە کام ڕەخنەی پیرباڵ گرتبێت وخۆی چاککردبێتەوە تا فەرهاد وا لێی ڕازیبێت ولە مەستترین حاڵەتیدا دروود وستایشی بۆ بنێرێت؟!

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com