نوچهنێت: تایبهت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو پۆستانەی لە پێکهینانی کابینەی نوێ بەر کورد دەکەوێت، پارتی وەریدەگرێت.
شەوی رابردوو دوو بەربژێری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، وەک وەزیر پەسندکران؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. هەروەها ١٢ وەزیری دیکەش لە لیستەکانی دیکەی عێراق پەسندکران.
دوای متمانەی پەرلەمانی عێراق بەو ١٤ وەزیرە، عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق سوێندی دەستووری خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکوەزیرانی چوار ساڵی داهاتووی عێراق. کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ ٦-١١-٢٠١٨ دواخرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی دەستنیشانکردنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق رایگەیاند: لە حکومەتی نوێی سێ وەزارەتمان بەردەکەوێت، بەڵام لە هەواڵداین بیکەینە چوار وەزارەت، چونکە ئێمە خاوەن ٢٥ کورسین. گوتیشی “لە ٦ی مانگی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە.
مەیادە نەجاڕ دەشڵێت، دوو کاندیدمان دەنگی هێنایەوە و بوو بە وەزیر و کاندیدێکی دیکەشمان ئامادەیە بۆ دانیشتنی داهاتوو ئەگەریش وەزارەتێکی تر بەر کورد بکەوێ ئەویش بۆ پارتی دەبێ. گوتیشی “یەکێتی نیشتمانی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، کە ١٥ خاڵی لەسەرە، مافی وەرگرتنی وەزارەتیان نییە”.