نوچە-راشاتودەی
هەر یەک لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و روسیا لە میانی کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەدا سەبارەت بە خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی لیژنەی دەستوری نوێی سوریا گەیشتنە رێککەوتن.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە،٢٤ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند، روسیا، ئێران و تورکیا لە بارەی سوریاوە رێککەوتن .
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی روسیا، ئێران و تورکیا کە بە وڵاتانی گەرەنتیکاری ئاگربەستی سوریا دەناسرێنەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا گەیشتوونەتە رێککەوتن و رێککەوتنەکەشیان میدیایی کردۆتەوە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رێککەوتنی ئەمڕۆ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تێکڕای لایەنەکانی سوریا و لە سەر مەبنای بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش و بە هەماهەنگی لە گەڵ ستێفان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا واژۆ کراوە