نوچەنێت: تایبەت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣-١٠-٢٠١٨، لە قەزای گەیارە روویدا و کوژراو برینداری لێکەوتەوە. بەرپرسێکی ئاگادار لە دۆخەکە دەڵێت “هێزە ئەمنییەکان توانای کۆنتڕۆڵ کردنی باری ئەمنی ناوچەکەیان نییە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی تەقینەوەکەی گەیارە رایگەیاند: ئۆتۆمبیلێک لە ناو بازاڕی ئەو قەزایە لە لایەن شانە نوستووەکانی داعشەوە تەقییەوە و بەهۆیەوە چەندین کەن کۆژران و بریندار بوون.
سەعید مەمۆزینی دەڵێت “بەهۆی تەقینەوەکەوە، دوو کەس کوژران و زیاتر لە ١٠ بریندار هەیە، بێجگە لە زیانی ماددی زۆر، کە بەر هاوڵاتیان کەوتووە”. دەشڵێت “هێزە ئەمنییەکان دوای هەر رووداوێک دەچن تەرمی کوژراوەکان لادەبەن و بریندارەکان دەبە نەخۆشخانە”.
لەبارەی هۆکاری ئەو رووداوانە مەمۆزینی پێوایە، هێزە ئەمنییەکان وەک پێشوو ستەم لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن و توانای دابین کردن ئەمنییەتی ناوچەکانیان نییە و جیاوازی تایفیش هۆکاری سەرەکییە.