نوچە-ئاژانسەکان
سعودیە، سەرئەنجام دوو هەفتە دوای بێ سەروشوێن بوونی جەمال خاشقچی، ئەمڕۆ شەممە،٢٠ی ئۆکتۆبەر کوژرانی ئەم رۆژنامەنووسە رەخنەگرەی پشتڕاست کردەوە.
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی سعودیە، جەمال خاشقچی لە کۆنسوڵخانەی ئەم وڵاتە لە تورکیا دوابەدوای تێکهەڵچوونێک گیانی لە دەست داوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە، دەستگیرکردنی ١٧ کەسی لەسەرئەم کەیسە پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام ناوی هیچ کام لە گومانلێکراوەکانی بڵاو نەکردۆتەوە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە جەنەڕاڵ احمد العسیری، جێگری دەزگای هەواڵگری سعودیە و چوار کەسی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا روون نەبۆتەوە ئەم کەسانە چ رۆڵێکیان لە کەیسەکەدا هەبووە.
سعودیە پێشتر کوژرانی خاشقچی رەتکردبووەوە، تا ئەوەی کە ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی کوژرانی ناوبراوی پشتڕاست کردەوە.
سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە زیاتر لەم کەیسە، کۆمیسیۆنێکی پێکهێناوە و یەک مانگی کاتی بۆ دیاریکراوە کە راپۆرتی کۆتایی خۆم ئامادە بکات.
ئەندامانی ئەم کۆمیسیۆنە بریتین، لە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ.