سعوودیە بەهۆی ئەم بابەتەوە دەکەوێتە تەنگژەوە

0

نوچەنێت

لە کاتێکدا شاندی سعوودیە، رۆژی رابردوو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون  سەبارەت بە رووداوی بێ سەروشوێن بوونی رۆژنامەنووسی رەخنەگری حکومەتی ریاز، گەیشتە تورکیا، کاردانەوەی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەم رووداوە بەردەوامە.

سەرۆکانی ئەمریکا و فەرەنسا کە لەگەڵ سعوودیە، پەیوەندی بەهێزی بازرگانییان هەیە. ئەگەرچی تا ئێستا بە پارێزەوە هەڵوێستیان وەرگرتووە، بەڵام دوای قوڵبوونەوەی ئەم کەیسە و دەنگدانەوەی لە لایەن ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانەوە، بەرەبەرە ئەم دوو وڵاتە بە ئەدایەکی جددیتر سەبارەت بە رووداوەکە هەڵوێست وەردەگرن.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە ئاژانسەکانی هەواڵ بانگەشەی ئەوە دەکەن. بەڵگەی وایان لایە کە سەلمێنەری کوژرانی جەماڵ خاشقچییە،ئەمەش وای کردووە کە زۆرێک لە کەسایەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پێداگری لە سەر پێداچوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیە دەکەنەوە.

هاوکات کاردانەوەکان و شەپۆلی نارەزاییەکان لە ناوەندە سیاسی و دپیلۆماسییەکان، بەرەو ناوەندە بازرگانییەکان تەشەنەی کردووە و تا دێ بابەتی بێ سەروشوێن بوونی ئەم رۆژنامەنووسە زیاتر دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵێنەوە.

لە نوێترین کاردانەوەی لەم چەشنە، ریچارد برانسۆن، میلیاردێری بەریتانی رایگەیاندووە بۆ گوشار خستنە سەر سعوودیە و ناچارکردنی ئەم وڵاتە بە دانی زانیاری و روونکردنەوەی زیاتر سەبارەت بە کەیسەکە، بەشێک لە پرۆژەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار لە سعوودیە هەڵدەپەسێرێت.

هاوکات جیم کیم، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاندووە کۆڕبەندی ئابووری ریاز، بایکۆت دەکات کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک لە سعوودیە بەڕێوەبچێت.

گەمارۆی میدیایی

ژمارەیەک لە میدیاکانی جیهان، هاوئاراستە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و دیارەکانی جیهان لای خۆیانەوە رایانگەیاندووە، کە  کۆڕبەندەکەی بایکۆت دەکەن کە بڕیارە بە میوانداری محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بەڕێوەبچێت.

هەر یەک لە پێگەی بە ناوبانگەکانی جیهان لەوانە فاینانشاڵ تایمز، نیۆیۆرک تامیز و ئێکۆنۆمیست رایانگەیاندووە، کە ئامادە نین هەواڵەکانی پەیوەست بەم کۆڕبەندە روماڵ بکەن.

ئاریانا هافینگتۆن، دامەزرێنەری هافینگتۆن پۆستیش لە شاندی راوێژکارارانی کۆبوونەوەی داڤوس لە سەحرا کشاوەتەوە.

ئەندۆر راس سورکین،پێشکەشکاری کەنالی سی، ئێن، بی، سی کە بڕیار بوو سێ پانێلی کۆبوونەوەکەی ریاز بەڕێوە ببات. لە تویتێكدا نووسیویەتی بەهۆی بێ سەروشوێن بوونی جەمال خاشقچی. نیگەرانە و بەشداری ئەم دانیشتنانە ناکات.

گوتەبێژی رۆژنامەی لۆس ئانجلێس تایمزیش، رایگەیاندووە کە پاترین سۆن شیونگ، خاوەنی ئەم رۆژنامەیە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ریاز دەکات.

لە لایەکی دیکەشەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بە ناوهێنانی شازادەی جێنشینی سعوودیە، ناوبراوی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە بابەتی بێ سەروشوێن بوونی ئەم رۆژنامەنووسە بەرپرسیارە.

کاردانەوەی سەرانی جیهان

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەگەر سعوودیە دەستی لە کەیسی بێ سەروشوێن بوونی جەماڵ خاشقچی هەبێت. ئەوە واشنتۆن بە توندی سزای سعوودیە دەدات. ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەم رووداوە خستۆتە روو- و رایگەیاندووە چاوەڕێی روون بوونەوەی ئەم کەیسە دەکات و دەشڵێت: ئەم رووداوە  بابەتێکی جێی تێڕامان و جیدیە ماکرۆن جەختیشی کردووتەوە، کە سعوودیە هیچ کات شەریكی گەورەی بازرگانی بۆ وڵاتەکەی هەژمار ناکرێت.

ئەنتەنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لای خۆیەوە رایگەیاندووە، کە نەتەوەیەکگرتووەکان بەدواداچوون بۆ چارەنووسی خاشقچی دەکات و هۆشداری دەدات، کە نابێ رووداوی لەم بابەتە ببێت بە دیاردەیەکی ئاسایی.

کریستیەن لاگارد، سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتی دراو هەڵوێستی وەرگرتووە و گوتویەتی دوای ئەم رووداوە تووشی شۆک بووە. هاوکات رایگەیاندووە بە وردی چاودێری هەواڵەکانی تایبەت بەم کەیسە دەکات و جەخت لە سەر رێزدانان بۆ مافەکانی مرۆڤ و بابەتی ئازادی زانیاری کردۆتەوە.

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە نوێترین بەیاننامەی خۆی سەبارەت بەم رووداوە رایگەیاندووە، سعوودیە لە مەسەلەی بێ سەروشوێن بوونی خاشقچی بەرپرسیارە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com