نوچەنێت
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، پێشوازیی لە قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە پێشتر لە تورکیا زیندانی کرا دەکات.
رۆژی هەینی ١٢-١٠-٢٠١٨، دادگای شاری ئیزمیر لە تورکیا، تۆمەتەکانی سەر ئەندرۆ برانسۆنی قەشەی ئەمریکی رەت کردەوە و بڕیاری ئازادکردنی دا.
دوای بڕیارەکە، قەشە ئەندرۆ برانسۆن بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی تورکیای بەجێهێشت و بە بەکارهێنانی خاکی ئەڵمانیا وەک ترانزێت، گەڕایەوە ئەمریکا.
بڕیارە ئەمڕۆ (شەممە ١٣-١٠-٢٠١٨)، ئەندرۆ برانسۆن سەردانی کۆشکی سپی بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی کۆ ببێتەوە.
بەهۆی دەستبەسەرکردنی ئەو قەشە ئەمریکییە، دۆناڵد ترەمپ چەندین سزای ئابووری بەسەر تورکیادا سەپاندبوو، کە سزاکان ببوونە هۆی خراپبوونی ئابووریی تورکیا و دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥-٧-٢٠١٦، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.