نوچەنێت
ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی ١٢-١٠-٢٠١٨)، دادگایەكی توركیا بڕیاری لەبارەی ئەندرۆ برۆنسۆن قەشە ئەمریكیەكە دا بەسزای زیندانی بۆ ماوەی سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٥ رۆژ، بەڵام بەهۆی ئەوەی برۆنسۆن ماوەی دوو ساڵە زیندانیە، بەپێی یاسای سزادانی توركیا، دەمودەست ئازاد دەكرێ، قەدەغەی گەشتكردنیشی لەسەر هەڵدەگیرێت.
بەپێی بریاری دادگای سزای قورسی ئیزمیر، قەشە ئەمریکیەكە بڕیاری زیندانی ماڵەوە و قەدەغەکردنی چوونە دەرەوەی وڵاتی لەسەر ھەڵگیراوە.
دانیشتنی ھۆبەی دووی دادگای سزای قورسی ئیزمیر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەشداری برۆنسۆن و پارێزەرانی ناوبراو دەستیپێکرد، كە تۆمەتبار كرابوو بەسیخوری و تیرۆریستی.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، چەند جارێک رەتیکردەوە قەشە ئەمریکییەکە ئازادبکات و گوتی، ئەمە کاری دادگایە. هەرچیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، بە تووندی وەڵامی تورکیای دەدایەوە و دەیگوت، قەشەکە بێتاوانە.
قەشەی ئەمریکی ئەندرۆ برۆنسن، تەمەنی ٥٠ ساڵە و ماوەی ٢٣ ساڵە لە وڵاتی تورکیا دەژی، برۆنسۆن رۆژی ٩ـی دیسەمبەری ٢٠١٦ دەستبەسەرکرا و چەند تۆمەتێکی درایە پاڵ، کە دیارترینیان ”هاوکاریکردنی گولەنییەکان و پەکەکە” بوون.
کاژێر ٦ی بەیانی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەگرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی تووند، قەشە ئەندرۆ برۆنسن، کە ماوەی دوو ساڵ لە ئیزمیر دەستبەسەر بوو، بۆ جاری چوارەم رەوانەی دادگای سزا قورسەکانی ناوچەی عەلی ئاغا کرد و دواجار بە ئازادکردنی، کۆتایی بە کەیسەکەی هات.