پارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌. هیشام ئاکرەیی: پەکەکە دوو دڵە لەوەی متمانە بە پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی بکات

0

hishamپارتی و یەکێتی، پرسی کورد لەباکور.‌.

هیشام ئاکرەیی: پەکەکە دوو دڵە لەوەی متمانە بە پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی بکات
وەک ئاشکرایە تا وەکو ئێستا لایەنە کوردستانیەکان لە پارچە جیاجیاکانی کوردستاندا، لە ژێر چەتری بەرەیەک یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کۆنەبۆنەتەوە و زیاتر بە شێوەی پارچەیی و تاکە حزب کاردەکەن و هەر یەکەو بە جیا پەیوەندی لە گەڵ وڵاتان و داگیرکەرانی کوردستان دروست دەکەن. هەروەها هەر حزبێکی گەورە لە پاشووری کوردستان یان رێکخراوی تایبەتیان لە پارچەکانی تری کوردستانیان دروستکردوە، یانیش پشتگیری ئەو پارتانە دەکەن کە بارزانی یان تاڵەبانی بە ڕابەر دەناسن. بۆیە ئەوەی پارتی و یەکێتی لەم ڕۆژانەدا دەیکەن لە پەیوەستدا لە گەڵ هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا ئەنجامێکی ئاسایی سیاسەتەکەیانە. 
لەوەڵامی ئەو پرسەش کە بۆ هەوڵێکی نەتەوەیی نادرێت و بۆ پارتی و یەکێتی و پەکەکە بە هەماهەنگی دانوسانەکان ناکەن، پێم وایە تورکیا ئامادە نییە دان بە کێشەی کورد بنێت وەک نەتەوەیەکی دابەشکراو، هەروەها تورکیا پەیوەندی تەواوی هەیە لە گەڵ پارتی و یەکێتی، بەڵام بەجیا و بەو شێوەیە تورکیا هەموو لایەنەکان بە کاردێنێت و لاوازیشیان دەکات. نابێ لە بیرمان بچێت، کە پێش ئێستاش یەکێتی و مام جەلال ڕۆڵی نێوبژیوانی گێڕاوە لە نێوان پەکەکە و تورکیادا و لەم دوایە، مەلا بەختیار لە ئامەد هەمان پەیامی ئاشتی ڕاگەیاند. 
سەبارەت بەوەی پارتی گرنگی بەو پڕۆسەیە نادات و گرنگی بە پارتەکانی باکوور نادات، پێم وانییە ڕاست بێت، چونکە پارتی بەر لەوەی هەوڵەکانی ئاشتی ڕابگەیێنرێن و بە زمانی خودی بارزانی سەرۆکی هەرێم و بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ئامادەیی خۆیان بۆ نێوبژیکردن و هاوکاری دەری بڕی. هاوکات پارتی، هاوکاری چەندین لایەنی سیاسی لە باکووری کوردستان دەکات کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن. لەوانەیە هۆکاری سەرەکی نەبوونی پەیوەندیەکی گەرم و گوڕ لە نێوان پارتی و پەکەکەدا بۆ سێ هۆکار بکەڕێتەوە: یەکەمیان پەیوەندی پتەوی پارتی لە گەڵ تورکیا و دووەمیان پشتگیری پارتی بۆ ئەو ڕێکخراوانەی دوژمنایەتی پەکەکە دەکەن لە باکووری کوردستان و سێیەمیان لەوانەیە پەکەکە گومانی هەبێت پارتی خەریکی بەدیل دروستکردنە بۆی لە باکووری کوردستان.
هەڵبەتە نەبوونی یەکگرتوویی لە ناو ڕیزەکانی پارتە کوردستانیەکاندا لە خزمەتی کوردی باکوور و خودی باشووری کوردستانیشدا نییە. پێم وایە پەکەکە و پارتی ئاشتی و دیموکراتی لە باکوور ئاگایان لە هەموو جموجۆڵەکانی پارتی و یەکێتییە و دەشزانن کامیان هەوڵ دەدات بۆ سەرکەوتنی پەکەکە و کورد لە باکوور و کامیان هەوڵ دەدات پارتی دادوگەشەپێدانی ئەردۆغان سەرکەوێت، بۆ ئەوەی پەکەکە سەرنەکەوێت و لەت لەت بکرێت. هاوکات نابێ ڕۆڵی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە بیر بکرێت کە پشتگیری لە پارتی ئاشتی و دیموکراتی دەکات. بەداخەوە هێشتا لایەنە کوردیەکان لە قۆناغی کردنی کەسێک بە سەرۆکی کوردستاندان و ئەوەندەی بۆ ئەوە کار دەکەن، ئەوەندا پەرۆشی مافەکانی کورد نین لە باکووردا، بە پێچەوانەوە لایەن لە باشووری کوردستان هەیە کە دەیەوێت ئۆجەلان وەک سەرۆکی پەکەکە لە ناو ببرێت، چونکە لەوە دەترسن ببێتە سەرۆکی نەتەوەیی کورد، بۆیە پەکەکە دوو دڵە لە وەی متمانە بە پارتەکانی باشوور بکات بە تایبەت ئەو پارتانەی پەیوەندی پتەویان لە گەڵ ئەردۆغان هەیە وەک پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com